قەیرانی گۆڕانی کەشوهەوا هەڕەشە لە عێراق دەکات

عێراق کار بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی قەیرانی کەمی ئاو دەکات، پێویستی عێراق بۆ ئاو نزیکەی ٧١ ملیار مەتر سێجایە، پێشبینی دەکرێت ئاوی بەردەست کەمببێتەوە بۆ ٥١ ملیار مەتر سێجا ساڵانە دوای تەواوبوونی سەرجەم پڕۆژەکانی دروستکردنی بەنداو لە وڵاتانی دراوسێی عێراق.

ناوەندی هەواڵ

 

حکومەتی عێراق کار بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی قەیرانی کەمی ئاو دەکات کە وڵاتەکەی بەدەستیەوە دەناڵێنێت، ئەو وێنانەی کە بە ترسناک وەسف دەکرێن لەم دواییانەدا بڵاوبوونەتەوە کە بەردەوامی دابەزینی ئاستی ڕووبارەکانی دیجلە و فورات نیشان دەدەن، پرسێک کە بووەتە نیگەرانییەکی سەرەکی لەو وڵاتەدا کە لانکەی یەکەم شارستانییەتە مرۆییەکان بووە.

 

ئەو وێنانەی لە سۆشیال میدیا بڵاوبوونەتەوە، بنکی قوڵای ڕووباری دیجلە و فورات لە هەندێک ناوچە بەتایبەت لە پارێزگاکانی باشوور و باشووری ڕۆژهەڵات دەردەخەن، تا ئەو ڕادەیەی مرۆڤ دەتوانێت بە پێ لە کەنارێکەوە بۆ کەنارێکی دیکە بپەڕێتەوە، لەکاتێکدا ئەوە پێشتر مەحاڵ بووە و پێویست بە پرد یان بەلەم بۆ پەڕینەوە لە ڕووبارەکان هەبووە.

 

پێویستی عێراق بۆ ئاو نزیکەی ٧١ ملیار مەتر سێجایە، پێشبینی دەکرێت ئاوی بەردەست کەمببێتەوە بۆ ٥١ ملیار مەتر سێجا ساڵانە دوای تەواوبوونی سەرجەم پڕۆژەکانی بەنداو لە دەرەوەی عێراق.

 

کەمترین بەکارهێنانی ئاو لە عێراق ساڵانە نزیکەی ٥٣ ملیار مەتر سێجایە، لەکاتێکدا عێراق پێویستی بە ٧٠ ملیار مەتر سێجا هەیە بۆ دابینکردنی هەموو پێداویستییەکانی، ئاوی ڕووبارەکان لە وەرزی بارانبارینی گونجاو لە عێراق بە نزیکەی ٧٧ ملیار مەتر سێجا و لە وەرزی وشکەساڵیدا نزیکەی ٤٤ ملیار مەتر سێجا مەزەندە دەکرێت.

 

لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا ڕۆیشتنی ئاو لە تورکیا و ئێرانەوە دابەزینی بەخۆیەوە بینیوە، بەو پێیەی ئاوی ڕووبارەکانی دیجلە و فورات کە لە تورکیاوە دێن، لە سەدا ٧٠ی ئەو ئاوەی کە دەگاتە عێراق پێکدەهێنێت، لە کاتێکدا ڕێژەی ئاو لە ئێرانەوە لە ڕێگەی هەندێک ڕووباری بچووکەوە دێت نزیکەی لەسەدا ١٢ پێکدەهێنێت.

 

بەشێکی دیکەی ئاوی عێراق لە باران و دەریاچە و خەزنەی ئاو و ئاوی ژێر زەویەوە دێت، لە نێوان ساڵانی ٢٠٠٣ بۆ ٢٠١٨ زەلکاوەکان شایەتی دابەزینێکی بەرچاوی ئاستی ئاویان بەخۆیەوە بینی تا وشکەساڵییەکی گەورەیان لێکەوتەوە، ئەمەش بووە هۆی مردنی هەزاران ئاژەڵ و ماسی جگە لە کۆچی دانیشتوانی ناوچەکە بۆ گەڕان بەدوای سەرچاوەی ئاودا.

 

هۆکاری زۆر لە پشت قەیرانی ئاوی عێراقەوە هەیە، ئەو هۆکارانەش بریتین لە گۆڕانی کەشوهەوا، بارانبارین، لاوازی ڕووپۆشی بەفر و بەرزبوونەوەی بەرچاوی پلەکانی گەرما، بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی سامانە ئاوییەکانی عێراق.