ژنان سەرکردایەتی خێزانە هیندییەکان دەکەن لە کاتێکدا پیاوان کۆچ دەکەن

بەهۆی هەژاری و بارودۆخی هەژارییەوە لە خێزانەکانی هیندستان پیاوان ناچار بە کۆچکردن دەبن، و ژنان خێزانەکان بەڕێوەدەبەن واتە دەبنە بڕیاردەر و کاردەکەن و داهاتی خێزانەکانیان دابین دەکەن.

ناوەندی هەواڵ

 

نەتەوە یەکگرتووەکان باسی لەوەکردووە کە هیچ پێناسەیەکی جێگیر نییە بۆ ئەو ماڵانەی کە ژنان سەرۆکایەتی دەکەن بەڵام زۆرجار وەک ماڵێک پێناسە دەکرێن کە یان هیچ پیاوێک بەشداری لە پەیداکردنی داهاتی ماڵەکاندا ناکەن.

 

شارەزایانی ئابووری و دیمۆگرافی لە دەستەواژەی سەرۆکی ماڵ تێدەگەن کە ئاماژەیە بۆ کەسێک کە پارە پەیدا دەکات و دەسەڵاتی بڕیاردانی لە خێزاندا هەیە، لە حاڵەتی ژنی خێزانداردا، کاتێک هاوسەرەکانیان کۆچ دەکەن و شەش مانگ یان زیاتر لە ماڵەوە دوور دەکەونەوە، ژنان وەک سەرۆکی ماڵ هەژمار دەکرێن و ئەمانە زۆرجار لەلایەن خۆیانەوە ڕاگەیەندراوە.

 

چیرۆکێکە کە لە سەرانسەری گوندەکان و شارۆچکە بچووکەکانی هیندستاندا دووبارە دەبێتەوە کە کۆچی پەیوەست بە هەژاری و بارودۆخی سەخەتەوە لەلایەن پیاوانەوە دەرفەتێک بۆ ژنان دەهێنێتە کایەوە.

 

پڕۆفیسۆر سۆناڵدێ دێسای زانای کۆمەڵناس و دیمۆگرافی دەڵێت ئەم دەرفەتە پەیوەستە بە توانای ژنەکەوە بۆ چوونە دەرەوە لە ماڵی خێزانی هاوسەرەکەی کە لەوانەیە لەوێدا وابەستەی ئەندامانی دیکەی نێر وەک خەزوور و زاواکانی بمێنێتەوە.

 

پڕۆفیسۆر دێسای دەڵێت: "لەو حاڵەتانەی کە ژن توانای دامەزراندنی ماڵێکی سەربەخۆی هەیە بە تەنیا، گۆڕانکارییەکی ڕاستەقینە لە توانای بڕیاردانیدا دەبینین، ئەگەری گرنگیدان بە هەندێک بەرپرسیارێتی دارایی، تەنانەت بەڕێوەبردن و ڕاپەڕاندنی کارەکان".

 

داتاکانی ڕاپرسی نیشتمانی تەندروستی خێزان دەریدەخەن لە ماوەی سێ دەیەی ڕابردوودا ڕێژەی ئەو ماڵانەی کە ژنان سەرۆکایەتیان دەکەن نزیکەی دوو هێندە زیادیکردووە، یەکێک لە هۆکارەکان کە بەشدارێکی گەورەیە لەم گۆڕانکارییە لە پێکهاتەی خێزانی پیاوسالاریدا کۆچی ناوخۆییە کە ڕەوتێکی بەرزبوونەوەی نیشانداوە.

 

دوایین سەرژمێری هیندستان لە ساڵی ٢٠١١دا ٤٥٠ ملیۆن کۆچبەری ناوخۆی هیندستانی تێدابوو، ئەمەش لە ماوەی دەیەی ڕابردوودا بە ڕێژەی ٤٥٪ زیادی کردووە، کە ڕێژەیەکی زۆر زیاترە لە ڕێژەی گەشەی دانیشتووان ١٨٪  لە هەمان ماوەی ساڵدا.

 

لە بەرامبەر هەژاری بەهۆی کۆڤید-١٩ و کەمبوونەوەی هەلی کار، پڕۆفیسۆر دێسای پێشبینی دەکات ئەم ڕەوتە تەنها لە ساڵانی داهاتوودا زیاد بکات.

 

بەپێی ڕاپرسیی گەشەپێدانی مرۆیی هیندستان، لەنێو ئەو هاوسەرانەی لە هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا هاوسەرگیریان کردووە، تەنها ٪٥ی ژنان لە هاوسەرەکانیان خوێندەوارتر بوون، ئەمەش بۆ ئەوانەی لە ساڵانی ٢٠٠٠ و ٢٠١٠دا بوون بۆ ٢٠٪ بەرزبووەتەوە.