هەڵمەتی "سێشەممانی نا بۆ لەسێدارەدان": دادپەروەری ڕاستەقینە لە ڕیزەکانی مردن لەدایک نابێت
هەڵمەتی "سێشەممانی نا بۆ لەسێدارەدان"بۆ هەفتەی ١٢٠ لە ٥٦ زیندان درێژە بە چالاکییەکانی خۆی دەدات، جەخت لەسەر بەردەوامی مانگرتن و ناڕەزایەتییەکان دژی جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان لە ئێران دەکاتەوە.
ناوەندی هەواڵ
هەڵمەتی "سێشەممانی نا بۆ لەسێدارەدان" تا هەفتەی ١٢٠ی خۆی لە ٥٦ زیندان لە سەرانسەری ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەردەوامە، کە دەستبەسەرکراوان بەردەوامن لە مانگرتن لە خواردن بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بە پەرەسەندنی بەردەوام و ئەم دواییەی لەسێدارەدان.
ئەندامانی هەڵمەتی "سێشەممانی نا بۆ لەسێدارەدان" ١٢ی ئایار ڕاگەیاندراوێکیان بڵاوکردەوە، پشتڕاستیان کردەوە کە دەسەڵاتدارانی ئێران لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٦ەوە ٢٣ زیندانی سیاسی و ئەمنییان لە سێدارە داوە، هەروەها دەسەڵات تەنها لەسێدارەدان ئەنجام نادات، بەڵکو فشاری زیاتریش دەخاتە سەر خێزانی زیانبەرکەوتووان بە ڕەتکردنەوەی ڕادەستکردنی تەرمی ژمارەیەک زیندانی سیاسی کە شەش ئەندامی هەڵمەتەکەشیان تێدایە، ئەمەش لە هەنگاوێکدا کە ئامانج لێی “زیادکردنی ئازارەکانی خێزانەکانیان و ترساندنی کۆمەڵگەیە”.
ئاماژە بەوە کراوە، کە لە ڕۆژانی کۆتایی ساڵی ٢٠٢٥دا، لە کاتێکدا کە هاوڵاتیانی ئێران بەرەو گۆڕانکارییەکی هەمەلایەنەی حکومەت دەڕۆیشتن، ڕژێمی دیکتاتۆری توانی شەڕی دەرەکی هەڵگیرسێنێت، کە دواتر وەک بیانوویەک بۆ دەستپێکردنی هەڵمەتێکی بەربڵاوی سەرکوتکردن لە دژی کۆمەڵگەی قۆستەوە.
لە درێژەی ئەم ڕێبازە سەرکوتگەرانەدا، دەسەڵاتداران هەفتەی ڕابردوو سێ زیندانی سیاسییان لەسێدارە دا کە لە کاتی شۆڕشی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٥ لە زیندانی وکیل ئاباد لە مەشهەد دەستگیرکرابوون، هەڵمەتەکە پێشتر هۆشداری دابوو لە مەترسی لەسێدارەدانیان، دوێنێش بە تۆمەتی سیخوڕی لە زیندانی قەزلحسار زیندانییەکی دیکە لە سێدارە درا.
هاوکات دوو کەس دوای چوونیان بۆ بەشی پزیشکی دادوەری و دەسەڵاتی دادوەری بۆ داوای تەرمی براکەیان دەستگیرکران، بۆ شوێنێکی نادیار گواستراونەتەوە، بەگوێرەی ڕاگەیاندراوەکە، ئەم مامەڵە نامرۆڤانەیە نموونەیەکی ڕوونی ئەو بێسەروشوێنکردنە زۆرەملێیانەیە کە دەسەڵاتداران لەم ساڵانەی دواییدا چەندین جار پراکتیزەیان کردووە.
زۆرێک لە زیندانیانی سیاسی بە تایبەت ئەوانەی بەم دواییە دەستبەسەر کراون ڕووبەڕووی هەڕەشەی لەسێدارەدان دەبنەوە، جگە لە زیندانیانی سیاسی بەلووچ کە هەموویان دادگایی نادادپەروەرانە و ناڕوونیان بەسەردا هاتووە.
لە ڕاگەیاندراوی هەڵمەتی هەڵبژاردنەکاندا، پشتڕاستی کردەوە کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، بە لانیکەم ١٠٠ دەستبەسەرکراوی شۆڕش بۆ بەندی ٣٧، یەکەی ٣ی بەندیخانەی قەزلحسار گواستراونەتەوە، لەوێ ڕووبەڕووی قەرەباڵغییەکی زۆر و نەبوونی پێداویستییە سەرەتاییەکان دەبنەوە، زۆربەیان ڕووبەڕووی تۆمەتی جددی دەبنەوە کە ژیانیان دەخاتە مەترسییەکی گەورەوە.
بەگوێرەی میدیای دەوڵەتی ئێران، دەسەڵاتداران دەستیان بەسەر موڵک و ماڵی دەیان هاوڵاتیی ناڕازیدا گرتووە لە هەوڵێکدا، بۆ دروستکردنی کەشێکی تیرۆر لە ڕێگەی تاکتیکی سەرکوتگەرانەی جیاوز و لەسێدارەدانی بێوێنە و بەهیوای درێژکردنەوەی دەسەڵاتەکەیان، بەڵام "خۆڕاگریی گەل و گەنجانی ئازا لە شۆڕشەکان و لە زیندانەکاندا سەلماندی کە ئەم دەسەڵاتە سزادراوە بە لەناوچوون و ئازادی و یەکسانی لە هەموو کاتێک نزیکترە".
هەڵمەتی "سێشەممانی نا بۆ لەسێدارەدان" دووپاتی دەکاتەوە، کە هاوسۆزی لەگەڵ خۆڕاگری گەلی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بە هەموو توانای خۆیەوە تا ئەو کاتەی سزای لەسێدارەدان هەڵدەوەشێتەوە و ئێران بە ئازادی دەگات، درێژە بە خەباتی دەدات ئەم هەڵمەتە بۆتە سیمبولی بەرخۆدان.
هەموو ڕۆژێکی هەڵمەتی "سێشەممانی نا بۆ لەسێدارەدان" ڕۆژێکە بۆ بەئاگاهێنانەوەی ویژدانی بەکۆمەڵ، ڕۆژێک بۆ شکاندنی بێدەنگی کوشندە و با جیهان گوێی لە هاواری ژیان بێت، هەروەها ئێمە ئەندامانی ئەم هەڵمەتە پێمان وایە دادپەروەری ڕاستەقینە لە ڕیزی لەسێدارەدان لەدایک نابێت، بەڵکو لە دڵی وریای و لە پەروەردە و لە دادگا دادپەروەرەکاندا گەشە دەکات