لە مەخموور دووەمین کۆنفرانسی کۆمینەکان دەستیپێکرد

لە کامپی پەنابەرانی مەخموور، دووەمین کۆنفرانسی کۆمینەکان بە دروشمی بە گیانی بونیادنانی کۆمینەکان بەرەو کۆمەڵگەیەکی کۆمیناڵیستی دیموکراتیک ،دەستی بە کارەکانی کرد.

مەخموور

 

لە کامپی پەنابەرانی شەهید ڕۆستەم جودی مەخموور، دووەمین کۆنفرانسی کۆمینەکان بە بەشداری ٢٠٠ نوێنەر لە ئەندامان و بەڕێوبەرانی دامەزراوەکانی کامپەکە و گەلی ناوچەکە، بە دروشمی  "بە گیانی بونیادنانی کۆمینەکان بەرەو کۆمەڵگەیەکی کۆمیناڵیستی دیموکراتیک" دەستیپێکرد.

 

هۆڵی کۆنفرانسەکە بە وێنەی گیانبەختکردووانی تێکۆشانی ئازادی ڕازێندرابووەوە. پێش دەستپێکردنی کۆنفرانسەکە، خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە تەواوی گیانبەختکردووانی ئازادیی کوردستان وەسترا. دوای ڕێزگرتنەکە، عەلی بلەهی لە دیوانی مەجلیسی گەلی مەخموور وتارێکی پێشکەش کرد.

 

"کۆمین، بونیادنان و ڕێکخستنی کۆمەڵگەیە"

عەلی بلەهی لە سەرەتای قسەکانیدا ئاماژەی بەوە کرد کە سازدانی ئەم کۆنفرانسە لە قۆناغێکی ئاوا هەستیاردا زۆر گرنگە و وتی: یەکێک لە کۆڵەکەکانی ڕێکخستنی سیستەمی نەتەوەی دیموکراتیکی ئێمە، کۆمین و ژیانی کۆمیناڵییە. سووربوونی ڕێبەر ئاپۆ لەسەر ڕێکخستنی کۆمەڵگە لە بەرامبەر سیستەمی سەرمایەداریدا بێگومان لە ڕێگەی کۆمینەوە پێدێتە بەرهەم. کۆمین بریتییە لە بنیادنان و ڕێکخستنی کۆمەڵگە. لە سەرەتای مێژوودا کاتێک کۆمەڵایەتیبوون شێوازی مرۆڤبوونی وەرگرت، لە دەوری دایک-ژن ئەم کۆمەڵایەتیبوونە دروست بوو.

 

"دەستکەوتەکانی گەلی کورد بنەمای ژیانی گەلی کوردن"

عەلی بلەهی لە کۆتایی قسەکانیدا تیشکی خستە سەر بیروبۆچوونەکانی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و دەستکەوتەکانی گەلی کورد و وتی: "ئەگەر ئێستا لە جەنگی سێیەمی جیهانیدا ئێمە وەک گەلی کورد لەسەر بنەمای بیری ڕێبەر ئاپۆ دەستکەوتەکانمان دەپارێزین و دەبینە جێگرەوەیەک لە بەرامبەر هێزە هەژموونخوازەکان، ئەمە بە سایەی ڕێبەر ئاپۆ، شەهیدان و تێکۆشەرانمانە کە لە بەرامبەر هێرشەکانی دوژمن وەڵامی بەرخودان دەدەنەوە. لە مەخمووریش ئەگەر هەندێک کەس بیانوێت دەستکەوتەکانی مەخموور پەرتەوازە بکەن و تێیدا سەرکەوتوو نابن، ئەمە بە سایەی ڕێکخستن، ئیرادە و پێکەوەژیانی ئێمەیە.

 

دوای وتاری دەستپێک، دیوان هەڵبژێردرا و دیدگاکانی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و ڕاپۆرتی کار و چالاکییەکان خوێندرایەوە. کۆنفرانسەکە بە هەڵسەنگاندنی قۆناغەکە بەردەوام بوو و بڕیارە درێژەی هەبێت.