پشکنینی خوێن بۆ ٥٠ جۆری شێرپەنجە دەتوانێت دەستنیشانکردن خێراتر بکات

زانیارییە نوێیەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە پشکنینی خوێن بۆ شێرپەنجە دەتوانێت یارمەتیدەر بێت بۆ خێراکردنی دەستنیشانکردن کە یارمەتی نەخۆشەکان دەدات زوو چارەسەری پێویست وەربگرن

ناوەندی هەواڵ

 

زانیارییە نوێیەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە پشکنینی خوێن بۆ شێرپەنجە دەتوانێت یارمەتیدەر بێت بۆ خێراکردنی دەستنیشانکردن و کەمکردنەوەی دواکەوتنی نەخۆشەکان بۆ چارەسەرکردن.

 

NHS کە بریتیە لە "دەرمانەکان لە گروپە گەورەکانی ئەو کەسانەدا تاقیدەکرێتەوە کە نەخۆشن و بەراورد دەکرێت لەگەڵ چارەسەری بەردەست بۆ ئەوەی بزانرێت ئایا کاریگەری لاوەکی هەیە، زۆرجار تاقیکردنەوەکان ساڵێک یان زیاتر دەخایەنێت و چەند هەزار نەخۆش بەشدار دەبن".

 

تاقیکردنەوەی NHS دەریخستووە کە پشکنینی خوێن بە دروستی لە هەر سێ شێرپەنجە دوو شێرپەنجەی لەو کەسانەدا ئاشکرا کردووە کە سەردانی پزیشکی گشتییان کردووە و نیشانە گوماناویەکانی نەخۆشییەکەیان هەبووە، لە نێوان زیاتر لە ٥ هەزار کەسدا کە شێرپەنجەکەیان بە دروستی دۆزرایەوە پشکنینەکە توانی بە وردی دیاری بکات کە لە ٪ ٨٥ی حاڵەتەکاندا شێرپەنجەی سەرەتایی لە کوێی لەشدایە.

 

ئەم پشکنینە لەلایەن کۆمپانیای Grail ئەمریکییەوە پەرەی پێدراوە و پارچە بچووکەکانی DNA وەرەم لە خوێندا دەستنیشان دەکات و پزیشکان ئاگادار دەکاتەوە کە ئایا سیگناڵێکی شێرپەنجە دەستنیشان کراوە یان نا، تەنانەت پێشبینیش دەکات کە لەوانەیە ئەو سیگناڵە لە کوێی جەستەدا سەرچاوەی گرتبێت.

 

شارەزایان پێشوازییان لەو ئەنجامانە کردووە، کە بڕیارە لە کۆنفرانسی جیهانی شێرپەنجەدا پێشکەش بکرێت، بەڵام ڕایانگەیاندووە، پێش ئەوەی پشکنینەکە بخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە، پێویستە لێکۆڵینەوەی زیاتری لەسەر بکرێت.

 

لێکۆڵینەوەکە بە سەرۆکایەتی زانکۆی ئۆکسفۆرد کە ٥٤٦١ کەس لە بەریتانیا و وێڵز بەشداربوون و ئامانج لێی دەستنیشانکردنی زیاتر لە ٥٠ جۆری شێرپەنجە بوو، بەشداربووان بە تێکڕا تەمەنیان ٦٢ ساڵ بووە، دوو لەسەر سێیان لە ڕەگەزی مێ بوون و کەمتر لە نیوەیان جگەرەکێشی ئێستا یان پێشووتر بوون.

 

لە پشکنینەکەدا نیشانەی شێرپەنجە لە ٣٢٣ کەسدا دەرکەوتووە و ٢٤٤ کەسیش تووشی شێرپەنجە بوون، بەڵام بەپێی ئەو ئەنجامانەی کە بڕیارە لە ڕۆژنامەی لانسێت ئۆنکۆلۆجی بڵاوبکرێنەوە، ٪ ٢.٥ی ئەوانەی پشکنینەکانیان نێگەتیڤ بووە، تووشی شێرپەنجە بوون.

 

مارک میدلتن، مامۆستای پزیشکی شێرپەنجەی تاقیکاری لە ئۆکسفۆرد، کە سەرکردایەتی تاقیکردنەوەکە دەکات، وتی پشکنینەکە توانای هەیە بۆ دەستنیشانکردنی ئەو کەسانەی دەچنە سەردانی پزیشکی گشتی.