بە دەرزی و دروومان... ڕەنگێکی مۆدێرن بە جلوبەرگی ژنانی مەغریبی دەبەخشێت

جیبالای ژنانی مەغریبی جلێکی نەریتی جیاوازە، جلوبەرگێکی درێژە و تا پاژنەی پێ درێژ دەبێتەوە و سەری داپۆشیوە، کە بە شێوەزاری مەغریبی پێی دەوترێت "قوب".

حەنان حارت

 

مەغریب- جیبالای ژنانی مەغریبی جیاوازە لە جیبالای پیاوان لە شێوازی چەرموو و ڕەنگ و جل و بەرگی بەکارهێنراو، بەجۆرێک بەدرێژایی ساڵان هەوڵیان داوە پەرەی پێبدەن تا لەگەڵ پێشکەوتنەکانی هەر سەردەمێکدا بگونجێت.

 

کەریمە وەجدی، یەکێکە لەو ژنانە مەغریبیانەی کە بەشدارە لە پرۆسەی پاراستنی ئەم میراتە کولتوورییەدا، تێکەڵکردنی نەریت و مۆدێرنیتە، بۆ ئەوەی جیبالایەکی نەریتی پێشکەش بە ژنان بکات، بەڵام بە تایبەتمەندی مۆدێرن، لە ساڵی ٢٠٢٠دا دەستەی هاوکاری ئوم جاد کە تایبەتە بە دورینی جیبالای مەغریبی دامەزراندووە، لەگەڵ ئەو ژنانەدا کاردەکات کە ئامانجیان ئاشتکردنەوەی سیمای نەریتی ئەم جلە نەریتییەی ژنانە لەگەڵ سادەیی فۆرمەکەدا کە وەڵامی پێداویستییەکانی سەردەم بێت.

 

سەبارەت بە پاڵنەری دامەزراندنی دەستەیەکی تایبەتمەند بە دورینی جیبالای ژنانی مەغریبی، ڕوونیکردەوە کە ئەمە لە خواستی خۆیەوە سەرچاوە دەگرێت بۆ فراوانکردنی پڕۆژەکەی کە لە ساڵی ٢٠٢٠ لە ماڵەوە دەستیپێکردووە لە کاتی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا، وەک چۆن سەرەڕای ئەم بارودۆخە سەختانە توانیویەتی بەسەر هەموو ئەو سەختییانەدا زاڵ بێت کە ڕووبەڕووی بووەوە.

 

ئاماژەی بەوەشکرد،" قەیرانی کۆرۆنا وای لێکردین کە هەوڵەکانمان یەکبخەین، لەکاتێکدا بەرەنگاری و کۆڵنەدان بووین بۆ ئەوەی دڵنیابین لەوەی لە چوارچێوەی پێکهاتەکانی پەیکەری ئابووری نیشتمانیدا بمێنینەوە، سەرەڕای سەختییەکان دوای کەرەنتینە توانیمان دوکانێک دابمەزرێنین بەمەبەستی پەرەپێدانی ئەم پڕۆژەیە، کە دەکەوێتە چوارچێوەی چالاکییە داهاتبەخشەکان، هەروەها بۆ بەدەستهێنانی داهاتێکی گەرەنتی و جێگیر بۆ ژنان."

 

ئەو ڕوونیشیکردەوە، "هەمیشە خواستم ئەوە بووە کە هەلی کارێکی گرنگ بۆ ژنان دابین بکەم لەپێناو بەدەستهێنانی سەربەخۆیی دارایی بۆ ژنان، دەستەکە سێ ژن و دوو پیاو لەخۆدەگرێت، هەروەها ئاواتەخوازین ژمارەی ئەو ژنانە زیاد بکەین کە پیشەی دورین ئەنجامدەدەن بۆ دوورینی جیبالای ژنانی مەغریبی، بە ئامانجی بەرزکردنەوەی تێکەڵبوونیان لەگەڵ دینامیزمی ئابووری و بازاڕی کار."

 

ئاماژەی بەوەشکرد، "وەرشەکانی دەستەکە بە ئامێری دروومان و چنین دامەزراون، بە ئامانجی دابینکردنی بەرهەمێکی ڕێکوپێکتر و کوالیتی باشتر، پەیوەندی بە فۆرمەکانی جیبالای ژنانەوە هەبێت، کە لەلایەن ژنە پیشەسازییە بەئەزموون و بەتواناکانەوە دیزاینکراون، بەپێی نەریتی مەغریب و تێکەڵکردنیان لەگەڵ مۆدێرن."

 

سەبارەت بە خواستی بەدەستهێنانی ئەو عەبایانەی کە لەلایەن ژنانەوە لە دەستەکە دروستکراون، ڕوونیکردەوە، "جیبالا مەغریبییەکان بەگشتی خواستێکی زۆریان لەسەر هەیە."

 

ئاماژەی بەوەشکرد، جیبالای ژنانی مەغریبی وەک جاران نەماوە، بەشێوەیەکی نەریتی قورسە، بەڵکو مۆدێرن کراوە و تەکنیکی نوێ وەرگیراوە بەمەبەستی زیادکردنی خواستەکەی، ئاماژەدان بەوەی کە مەغریب لە ڕیزی ئەو چەند وڵاتەی ناوچەکەیە کە بە درێژایی تەمەنەکان جلوبەرگی نەریتی خۆیان پاراستووە کە بۆ هەموو سەردەمێک گونجاو بوون.

 

وە جەختی لەوە کردەوە کە جیبالا "بۆتە دیزاینێکی مۆدێرن کە دەتوانرێت لەلایەن هەموو ژنانەوە لە هەموو تەمەنێکدا لەبەر بکرێت، بەهۆی ئاسانکاری هەمەچەشنکردنی تێیدا لەڕێگەی بەکارهێنانی چەندین قوماشی ڕەنگاوڕەنگەوە".

 

سەبارەت بە ئەزموونی بەشداریکردن لە پێشانگاکان، کەریمە وەجدی دەڵێت، "ئەم پێشانگایانە هەموویان بەشدارن لە ناساندنی بەرهەمەکانمان، هەروەها باشترکردنی فرۆشتن و ناساندنیان و ئاڵوگۆڕی بیرۆکەکان، ئێمە حەز دەکەین لە هەموو بۆنەیەکدا ئامادە بین لەناویاندا بۆ هێنانی بەرهەمەکانمان تا نزیکتربین لە کڕیارەکان."

 

وە ئاماژەی بەوەشکرد کە "دەستێکی کارکردن هەیە کە چاودێری هەنگاوەکانی کارکردن دەکات تا ببێتە جلوبەرگ، دواتر قۆناغی بەرگدروو دێت بەپێی قەبارەی کڕیارەکان، ئاماژەدان بەوەی کە لە یەک ڕۆژدا تەنها دوو جیبالا دەدورین، چونکە جیبالاکان بە چەند قۆناغێکدا تێدەپەڕێت و هەر هاوکارێک بەشێکی بۆ دیاری دەکرێت، بەتایبەتی کە پرۆسەی بەرهەمهێنان بەتەواوی بە دەست ئەنجام دەدرێت."

 

سەبارەت بە پڕۆژەکانی داهاتووی، ئاماژەی بەوەشکرد، ئاواتەخوازی گۆڕینی دەستەکەیە بۆ کۆمپانیایەک بەمەبەستی ئەوەی پاڵنەرێکی بەهێز بە پڕۆژەکە بدات و کاری ژنان لە بواری چنین و دوورین زیاد بکات، هەروەها دەرفەت بۆ گەشەپێدانی خۆیان و گەیشتن بە سەربەخۆیی دارایی خۆیان بڕەخسێنن .