لە ساڵی ٢٠٢١ زیاتر لە سێ هەزار ژن لە بەریتانیا بە دەستدرێژی دووگیان بوون

ئەو منداڵانەی لە ئەنجامی دەستدرێژی سێکسییەوە لە دایک دەبن، بەمزووانە وەک قوربانی تاوان لە ئینگلتەرا و وێڵز دەستنیشان دەکرێن.

ناوەندی هەواڵ

 

پڕۆژە یاسایەکی نوێ لە ئینگلتەرا و وێڵز دەخریتە بەرباس، بۆ ئەو منداڵانەی بەهۆی دەستدرێژی سێکسییەوە لەدایکبوون و لەدایک دەبن، ئامانج لێی ئەوەیە ئەو تاوانە نەبێت بە پێناسەیەک بۆ ژیانی داهاتووی منداڵەکان.

 

دیاریکراو نییە چەند کەس لە بەریتانیا بەهۆی دەستدرێژییەوە لەدایکبوون، بەڵام خەمڵاندنەکانی زانکۆی دورهام و سەنتەری دادپەروەری ژنان ئاماژەیان بەوەکرد، لەوانەیە تەنها لە ساڵی ٢٠٢١دا ٣هەزار و ٣٠٠ ژن دووگیان بووبن، بەهۆی دەستدرێژی سێکسییەوە لە ئینگلتەرا و وێڵز.

 

پڕۆژە یاسای قوربانیانی داهاتوو لە ئینگلتەرا و وێڵز بە فەرمی ئەو منداڵانە پۆلێن دەکات، کە لە ئەنجامی دەستدرێژی سێکسیدا لەدایکبوون وەک قوربانی تاوان، ئەمە، بەگوێرەی وەزیرەکان، مافی ئەوەیان هەیە پشتیوانی زیاتر بکرێن، لەوانە چارەسەر و ڕاوێژکاری و دەستگەیشتن بە زانیاری دەربارەی کەیسەکەیان زیاتر دەبێت.

 

ئەوە لە کاتێکدایە لە زۆربەی وڵاتان بە تایبەت ئەو وڵاتانەی ئاڵۆزی و دۆخێکی نەخوازراو هەیە ژنان دەستدرێژییان دەکرێتە سەر و کاتێک دووگیان دەبن بە ناچاری منداڵەکەیان بە بێ بوونی باوک دەهێننە ژیان، بە تەنها ئەرکی پەروەردە و گەورەکردن دەگرنە ئەستۆی خۆیان، بەدەر لەوەی لە کۆمەڵگەدا رووبەڕووی چەندین ئاستەنگی و تانە دەبنەوە.