کوەیت ناسنامە لە ٥٤ هاوڵاتی دەسەنێتەوە کە زۆرینەیان ژنن
کوەیت یەکێکە لەو وڵاتانەی هەرکاتێک هاوڵاتییەکی ڕەگەزنامەی وڵاتێکی دیکە بەدەستبهێنێت ڕەگەزنامەی نەتەوەکەی خۆی لەدەست دەدات، بە تایبەت ژنان کاتێک هاوسەرگیری دەکەن لەگەڵ هاوڵاتییەکی بیانی.

ناوەندی هەواڵ
ڕۆژنامەی قوبسی ئەلکترۆنی کوەیتی بڵاویکردەوە کۆمسیۆنی باڵای ڕەگەزنامەی کوەیتی ڕۆژی شەممە ٢١ی ئاب، بڕیاریداوە ڕەگەزنامە لە ٥٤ هاوڵاتی بسەنێتەوە کە زۆرینەیان ئەو کەسانەن ڕەگەزنامەی وڵاتی دیکەیان هەیە.
کۆمسیۆنی باڵای نەتەوەیی کوەیت بە پێی بنەمای ماددەکانی ٩-١٠-١١ لە یاسای ژمارە ١٥ی ساڵی ١٩٥٩ ناسنامە لەو هاوڵاتیانە دەسەنێتەوە کە ڕەگەزنامەیان لە وڵاتانی دیکە وەرگرتووە کە پێچەوانەی یاسای کوەیتە.
یاسای ڕەگەزنامەی کوەیتی کە لە ساڵی ١٩٥٩ دەرچووە و هەندێک لە ماددەکانی لە یاسای ساڵی ١٩٨٩ وە هەموار کراوەتەوە، باس لە پێدانی ڕەگەزنامە دەکات بەو پێیەش هەر هاوڵاتییەک ڕەگەزنامەی وڵاتێکی دیکەی هەبوو ڕەگەزنامەی کوەیتی لێدەسەنرێتەوە.
لە ماددەی ١٠ی یاساکە باس لە ژنان دەکات کاتێک هاوسەرگیری لەگەڵ بیانییەک دەکات، ئەگەر ئەو ژنە داوای ڕەگەزنامەی وڵاتی هاوژینەکەی بکات، ڕەگەزنامەی کوەیتی لەدەست دەدات، لە ماددەی ١١شدا جەخت لەسەر ئەوە کراوەتەوە هەرکاتێک ژنێک ڕەگەزنامەی هاوژینەکەی پێ بدرێت، کوەیت مافی هاوڵاتیبوونی منداڵەکانیشی لێ زەوت دەکات.
لەمانگی ئایار وەزارەتی ناوخۆی کوەیت ئاشکرای کرد لە ساڵی ٢٠١٠ تا کانوونی دووەمی ٢٠٢١ چەند بڕیارێکی تایبەت بۆ لێسەندنەوەی ڕەگەزنامەی هاوڵاتی دەرکراون.
بێ بەشکردنی هاوڵاتیانی کوەیت لە ڕەگەزنامەکانیان ڕەخنەی زۆری بەدوای خۆیدا هێناوە، بە جۆرێک لە ساڵی ٢٠١٨ەوە ٢٥٠ کەیس پوچەڵ کراونەتەوە، بەڵام لە سالی ٢٠١٩دا ٥٩ کەس ڕەگەزنامەیان لێسەندراوەتەوەم کە بەشی زۆریان ژن بوون بەهەمان شێوە ئەمساڵیش ڕەگەزنامە لە ٥٤ هاوڵاتی دەسەنێتەوە.
ت.پ