کوێستان محەمەد: دەبێت لە خولی داهاتووی پەرلەماندا دووبارە دەنگ لەسەر پڕۆژە یاسای کار بدرێت
کوێستان محەمەد، وەزیری کارو کاروباری کۆمەڵایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت: بەهۆی هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانەوە کار بە یاسای کار ناکرێت و دەبێت خولی داهاتووی پەرلەمان دووبارە دەنگ لەسەر یاساکە بداتەوە.
ناوەندی هەواڵ
بەهۆی تەواوبوونی تەمەنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان و بە نایاسایی درێژکردنەوەی کاتەکەی، پاش هەڵوەشاندنەوەی لەلایەن دادگای فیدڕاڵی عێراقەوە، یاسای کار لە هەرێمی کوردستان کاری پێناکرێت.
كوێستان محەمەد، وەزیری كار و كاروباری كۆمەڵایەتی حکومەتى هەرێم، لە ڕۆژی ١ی ئایار ڕۆژی جیهانیی کرێکاراندا ڕایگەیاند، بەهۆی هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانەوە کار بە یاسای کار ناکرێت و دەبێت خولی داهاتووی پەرلەمان دووبارە دەنگ لەسەر یاساکە بداتەوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەركی ڕێكخراو و سەندیكا و یەكێتییەكانی كرێكارانە هۆشیاریی یاسای بە كرێكاران بدەن و چاودێریی ڕەوشیان بكەن، چونکە هێشتا هۆشیاریی یاسایی سەبارەت بە یاساكانی كار و دەستەبەری كۆمەڵایەتی لای خاوەنكار و كرێكاران نەچەسپیووە.