کۆنسێرتێکی گۆرانی و مۆسیقا لە قەڵای کۆیە بە بۆنەی ڕۆژی هونەرەوە بەڕێوەچوو

لە چوارچێوەی چالاکییە هونەرییەکاندا، کۆنسێرتێکی گەورەی گۆرانی و مۆسیقا بە هەوڵی یەکێتی ژنانی کوردستان و هاوبەشیی چەند لایەنێکی دیکە، لە قەڵای مێژوویی کۆیە و بە بەشداریی هونەرمەندانی ناسراوی کوردستان و شاری کۆیە بەڕێوەچوو.

شلێر کۆی

 

کۆیە- کۆنسێرتێکی گەورەی گۆرانی و مۆسیقا بە بۆنەی یادی ڕۆژی هونەر و ڕێزگرتن لە تاهیر تۆفیق، هونەرمەندی گەل، لە قەڵای مێژوویی کۆیە بەڕێوەچوو. لەم بۆنەیەدا، هونەرمەندان بەرهەمەکانیان پێشکەش کرد و ژنان و کچانی هونەرمەند، بە تایبەتی بە گۆرانی و دەفژەنی، ڕۆڵێکی بەرچاویان گێڕا و پێشوازییەکی گەرم لەلایەن ئامادەبووانەوەیان لێکرا.

 

لە پەراوێزی بۆنەکەدا، چەندین چالاکیی هونەریی دیکەش بەڕێوەچوون، لەوانە شانۆی سەرشەقام کە لەلایەن پەیمانگای هونەرە جوانەکانی شەهید جەعفەر و هونەردۆستانەوە پێشکەش کرا.

 

ڤاڵا سەردار هونەرمەند ، کە بە گۆرانییەکانی بەشداریی لە کۆنسێرتەکەدا کرد، وتی هەر ساڵێک لە ٢٠ی تشرینی یەکەم  بەشداریی لە بۆنەکانی ڕۆژی هونەر و یادی تاهیر تۆفیق لە شاری کۆیەدا دەکات و خۆشحاڵە کە ئەمساڵیش لەم ئاهەنگەدا بەشدارە. ئەو هەروەها ئاماژەی بە ڕۆڵی گرنگی تیپە هونەرییەکان لە کۆیە و دەوروبەری کرد و ڕایگەیاند کە خەریکی ئامادەکردنی گۆرانیی نوێیە بۆ خۆی.

 

سەردار جەختی لە ڕۆڵی بەرچاوی ژنان، بە تایبەتی ژنانی کۆیە، لە بواری هونەر و کاردا کردەوە و وتی ژنانی کۆیە لە زۆر بواردا پێشەنگن.

 

لە بەشێکی دیکەی کۆنسێرتەکەدا، خۆزگە ئازاد هونەرمەند بە گۆرانییەکانی سەکۆکەی ڕازاندەوە و لەگەڵ دەفژەنی زەینەب خان، کەشێکی هونەریی تایبەتییان دروست کرد. بەم شێوەیە، بۆنەکە بە ئامانجی زیندووڕاگرتنی میراتی هونەریی تاهیر تۆفیق و پەرەپێدانی چالاکییە هونەرییەکانی شاری کۆیە کۆتایی پێهات.