دۆسیەی وریشە مورادی گەیشتە پەرلەمانی فیدراڵی ئەڵمانیا
جانسو ئۆزدمیر و سارا میرۆ، سیاسەتمەدارانی ئەڵمانیا، داوایان کرد سزای لەسێدارەدانی چالاکوانی کورد وریشە مورادی دەستبەجێ هەڵبوەشێندرێتەوە و ئازاد بکرێت.
ناوەندی هەواڵ – جانسو ئۆزدمیر و سارا میرۆ، کە نوێنەرایەتیی حیزبی چەپی ئەڵمانیا لە پەرلەمانی فیدراڵی ئەڵمانیا دەکەن، بەرامبەر بە دووبارە سەپاندنەوەی سزای لەسێدارەدانی زیندانیی سیاسیی کورد وریشە مورادی، کاردانەوەیان نیشان دا و داوای هەڵوەشاندنەوەی سزا و ئازادکردنی دەستبەجێی ئەو چالاکوانەیان کرد.
جانسو ئۆزدمیر، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی حیزبی چەپ لە پەرلەمانی ئەڵمانیا، لە پەیامێکدا کە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی X بڵاویکردەوە، وتی: حکومەتی ئێران دەیەوێت بە سەپاندنی سزای لەسێدارەدان، دەنگی ژن، ژیان، ئازادی بکوژێنێتەوە. هەروەها داوای ئازادکردنی وریشە مورادی کرد و ئاماژەی بەوە دا کە بەهۆی کەمبوونەوەی سەرنجی جیهانی بۆ ئێران، مەترسیی لەبیرکردنی زیندانییە سیاسییەکان هەیە.
بەهۆی بێدەنگ نەمان، سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندرا
سارا میرۆ لە پەیامێکیدا لە ئینستاگرام، ئاماژەی بەوە کرد کە سزای لەسێدارەدان دوو جار بەسەر وریشە مورادیدا سەپێنراوە و وتی: «بەهۆی ئەوەی بێدەنگی قبووڵ نەکرد، دوو جار بە سزای لەسێدارەدان مەحکوم کرا».
میرۆ جەختی لەوە کردەوە کە حکومەتی ئێران بە توندوتیژی و سزای لەسێدارەدان هەوڵ دەدات بەرخۆدانی ژنان بێدەنگ بکات. ئەو داوای هەڵوەشاندنەوەی سزا و ئازادکردنی دەستبەجێی وریشە مورادی کرد.
لقی پازدەهەمی دادگای شۆڕشی تاران، بە سەرۆکایەتیی ئەبولقاسم سەڵەواتی، لە ١٤ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦، بۆ دووەم جار سزای لەسێدارەدانی بەسەر وریشە مورادیدا سەپاندەوە. دادگای باڵای ئێران پێشتر لە کانوونی یەکەمی ٢٠٢٥، بەهۆی کەموکوڕییەکانی لێکۆڵینەوە و پابەندنەبوون بە ڕێکارە یاساییەکان، سزای لەسێدارەدانی هەڵوەشاندبووەوە و دۆسیەکەی بۆ دادگاییکردنەوە ناردبووەوە هەمان دادگا.
بەڵام بەپێی وتەی پارێزەرانی وریشە مورادی، دادگاکە بەبێ چارەسەرکردنی ئەو کەموکوڕییانەی دادگای باڵا دیاری کردبوون، جارێکی تر سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپاندەوە. پارێزەرەکانیش دژی پرۆسەی دادگایی و بنەمای یاساییی ئەو بڕیارە وەستانەوە.
پرۆسەی یاسایی و پێشێلکارییەکانی دادگا
چالاکوانی مافەکانی ژنان و ئەندامی کۆمەڵەی ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان (KJAR)، وریشە مورادی، لە ١ی ئابی ٢٠٢٣ لە نزیک شاری سنە دەستبەسەر کرا.
بەپێی ڕێکخراوەکانی مافەکانی مرۆڤ، وریشە مورادی دوای دەستبەسەرکردنی، سەرەتا لە ناوەندێکی دەستبەسەرداگرتنی سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی هەواڵگریی سنە ڕاگیرا و دواتر خرایە بەندیخانەی ٢٠٩ی زیندانی ئەڤین. هەروەها ڕاپۆرت کراوە کە لە ماوەی دەستبەسەرداگرتنیدا، بۆ وەرگرتنی دانپێدانان بە تاوانەکانی، ڕووبەڕووی گوشار و ئەشکەنجە بووەتەوە.
وریشە مورادی بۆ یەکەم جار لە مانگی نۆڤەمبەری ٢٠٢٤، بە تۆمەتی «بەغی» کە بەپێی یاسای سزای ئێران بە مانای یاخیبوونی چەکداری دێت، بە سزای لەسێدارەدان مەحکوم کرا. دوای هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکە لەلایەن دادگای باڵاوە و دووبارە دادگاییکردنەوە، بۆ دووەم جار سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێنرا، کە بووە هۆی دروستبوونی ناڕەزایەتییەکی فراوان.