کۆنفرانسی ژنانی ئیدارەی خۆجێیی دەم پارتی: دژی هێرشەکان دەوەستینەوە
لە کۆنفرانسی ژنانی ئیدارەی خۆجێیی ئامەدی دەم پارتیدا گوڵستان ئاتاسۆی قسەی کردو ئاماژەی بە گرنگی بەهێزکردنی ڕێکخراوبوونی ژنان کرد.
ناوەندی هەواڵ
کۆنفرانسی ژنانی ئیدارەی خۆجێیی ئامەدی دەم پارتی بە دروشمی "بە ئیرادەی ژنان و کۆمۆنەکان، بە بەڕێوبەرایەتییە خۆجێییەکان کۆمەڵگەی ئازاد بنیاد دەنێین" لە هۆڵی عەلی ئەمیریی شاری ئامەد بەڕێوەچوو. زۆرێک لە سەرۆکانی شارەوانی و ئەندامانی پەرلەمان بە جلوبەرگی نەتەوەییەوە بەشدارییان کرد. دوای خولەکێک ڕێزگرتن، گوڵستان ئاتاسۆی، ئەندامی دەستەی ناوەندیی ئیدارەی خۆجێیی دەم پارتی قسەی کرد.
گوڵستان ئاتاسۆی ئاماژەی بەوە کرد کە ئامانج لە کۆنفرانسەکە بریتییە لە بونیادنانی شێوازێکی ژیانی کۆمۆناڵ و گوتی، "ئەمڕۆ، ئەو هاوڕێیانەمان کە لە تێکۆشاندا بۆ ئیدارەی خۆجێی گیانیان لەدەستداوە و ئەوانەی کە لە زیندان و ئاوارەییدا تێکۆشاون، بەبیردەهێنینەوە. با پێکەوە داهاتوویەکی ئازاد بنیاد بنێین. پرۆژەیەکی گرنگمان لە هەڵبژاردنەکانی ٣١ـی ئادارەوە بەجێهێشت.
یەکێک لە خاڵە سەرەکییەکانی تێکۆشان بۆ ئازادیی ژنان بریتییە لە بەڕێوبەرایەتییە هەرێمییەکان. بەم بەرپرسیارێتییەمانەوە، درێژە بە کارەکانمان دەدەین. ئیرادەی ژنان لە ٣١ـی ئاداردا هێزی خۆی نیشاندا. هێرشێکی دژوار دەکرێتە سەر ئیرادەی ژنان. بەڵام، ژنان ڕێکخستنی خۆیان بەهێز دەکەن و پێداگرانە دژی دەوەستنەوە. ئێمە لەسەر بنەمای پرەنسیپی بەشداربوون ئامادەکاریمان بۆ کۆنفرانسەکە کرد.
گوڵستان ئاتاسۆی ئاماژەی بەوە کرد کە ئەوان کارەکانیان لەسەر بنەمای ڕەخنە و ڕەخنەدان درێژە پێدەدەن و بەم شێوەیە بەردەوام بوو، "کۆبوونەوە لەگەڵ پارادایمدا چەندە فراوانتر بێت، ئێمە ئەوەندە بەهێزتر دەبین. ئەگەر لە پارادایم دووربکەوینەوە، دەکەوینە تەڵەی سیستەمی سەرمایەدارییەوە. لەم کۆنفرانسەدا ئەو پرۆسەیەش کە لەلایەن ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالانەوە دەستی پێکراوە گفتوگۆی لەسەر کرا و ئاماژە بە گرنگییەکەی کرا. تەوەری کۆنفرانسەکەمان ئەوە بوو کە لەسەر بنەمای چەمکی کۆمۆن درێژە بە کارەکانمان بدەین و جێبەجێیان بکەین. با پێکەوە ڕێکخستنی کۆمۆناڵ دابمەزرێنین و لە بنیادنانی پارادایمدا ڕۆڵی پێشەنگایەتی بگێڕین. با بەهێزتر پاڵپشتی لەم کۆنفرانسە بکەین و زیاتر لەسەر لێکۆڵینەوەکانی ژنان بوەستین. وەکو ژن، با بە عەقڵی کۆلەکتیڤ هەوڵە ڕێکخراوەکانمان بەرەو سەرکەوتن ببەین.
کۆنفرانسەکە دوور لە چاوی ڕاگەیاندنەکان بەردەوامە.