ڕێکخراوە عەلەوییەکان دەربارەی کۆمەڵکوژیی دێرسیم: قڕکردنە

فیدراسیۆنی دیموکراتیکی عەلەوییەکان "فەدا" و یەکێتیی ژنانی دیموکراتیکی عەلەوی "داکب" ڕایانگەیاند کە کۆمەڵکوژیی ١٩٣٧-١٩٣٨ـی دێرسیم "قڕکردنە، نەک سەرهەڵدان" و داوای ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستییەکانی ڕابردوویان کرد.

ناوەندی هەواڵ

 

فیدراسیۆنی دیموکراتیکی عەلەوییەکان "فەدا"و یەکێتی ژنانی دیموکراتیکی عەلەوی "داکب" ڕاگەیاندراوێکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە و ڕایانگەیاند کە ڕووداوەکانی ساڵی ١٩٣٧-١٩٣٨ـی دێرسیم، بە پێچەوانەی بانگەشە فەرمییەکان "دامرکاندنەوەی سەرهەڵدان"ـێک نەبوون، بەڵکوو "قڕکردن"ـێکی پلان بۆ داڕێژراو بوون.

 

لە ڕاگەیاندراوەکەدا ئاماژە بەوە کرا کە ئەو پرۆسەیە لە چوارچێوەی سیاسەتەکانی دامەزراندنی دەوڵەت-نەتەوەدا سیاسەتی سیستەماتیکی لەناوبردنی کۆمەڵگەی کورد و عەلەوی بوو.

 

هەروەها ئاماژە بە بڕیاری دەستەی وەزیران کرا لە ٤ی ئایاری ١٩٣٧ و یاسای تونجەلی لە ساڵی ١٩٣٥ و ڕاگەیاندرا کە لە کاتی ئۆپەراسیۆنەکاندا هەزاران کەس گیانیان لەدەستدا، زۆر کەسیش ئاوارەکران.

 

ڕایانگەیاند کە دوای دێرسیمیش دژی کۆمەڵگەی کورد و عەلەوییەکان سیاسەتەکانی ئاسمیلەکردن و فشار بەردەوام بوون و ئاماژەیان بەوە کرد کە ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ڕابردووی ئەم پرۆسە مێژووییەدا "پێویستییەکی دیموکراتیک"ـە.

هەروەها لە ڕاگەیاندراوەکەدا باس لە پرۆسەی "ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک" کرا و بۆ ڕۆشنکردنەوەی ڕووداوەکانی ڕابردوو و دووبارەنەبوونەوەی ڕووداوەکان ئاماژە بە گرنگیی تێکۆشان کرا.

 

لە کۆتایی ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە: لە سەرووی هەمووانەوە دێرسیم، ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ڕاستییەکانی ڕابردووی کۆمەڵگەی ئێمەو هەموو گەلان بژاردەیەک نییە، بەڵکو ناچارییەکی دیموکراتیکە. هەم بۆ جێبەجێکردنی ئەم ناچارییە، هەم بۆ ڕووبەڕوونەبوونەوە لەگەڵ هێرشەکانی ئاسمیلەکردن، کۆمەڵکوژی و قڕکردن بەرپرسیارێتی و ئەرکی مێژوویی بەپەلەی هەموومانە کە پرۆژەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک جێبەجێ بکەین.