کۆنفرانسی گەنجانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا بەردەوامە
لە میانی وۆرکشۆپەکاندا بەشداربووانی کۆنفرانسی گەنجانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا باس لە بابەتەکانی پەروەردە، گەنجان، ئایین، نەتەوەپەرستی، ڕەگەز، جیاکاری دژی ژنان دەکەن.
ناوەندی هەواڵ
ئەمڕۆ ٩ی حوزەیران، بە دروشمی "گەنجان و بونیادنانی ئایندەیەکی ئازاد"، دووەم ڕۆژی کۆنفرانسی گەنجانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا لە بەیرووتی پایتەختی لوبنان بە بەشداریی گەنجان، ژنانی وڵاتانی جیاواز لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا، بەڕێوەچوو.
لە دووەم ڕۆژی کۆنفڕانسەکە وۆرک شۆپ لەسەر بابەتی، ڕۆڵی گەنجان لە بەرەوپێشبردنی کولتووری پێکەوەژیان و کارکردن بۆیەکخستنی وزەی گەنجان بۆ بونیادنانی پشتیوانی یەکتر بەڕێوەچوو.
لە وۆرکشۆپی یەکەمدا، بەشداربووان باس لە تەوەری تێکدانی ژینگە دەکەن، لە وۆرکشۆپی دووەمیشدا باس لە تەوەری پەروەردە و گەنجان کرا، وۆرکشۆپی سێیەمیش باس لە تەوەری ئایین و نەتەوەپەرستی و ڕەگەز دەکرێت، کۆتا دانەش باس لە نایەکسانی ڕەگەزی لە دژی ژنان و کۆتایهێنان بە جیاوازی ڕەگەزی کرا.
وتارەکانی یەکەم ڕۆژی کۆنفڕانسەکە باسی کاریگەرییەکانی مۆدێرنیتەی سەرمایەداری لەسەر گەنجان، خەبات، ئەزموون و سەربەخۆیی گەنجان و ژنان، جینۆسایدی سیستماتیکی سروشت و لەناوبردنی ژینگە، پێگەی ژنانی گەنج و ئازادی ژنان کرد.
هەوڵی دەرخستنی کێشەی گەنجان و چارەسەرکردنی دەدەن
دەستپێشخەری گەنجانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا لەڕێگەی کۆنفڕانسەکەوە هەوڵیاندا تاوتوێی بابەتەکانی پەیوەست بە گەنجان و داهاتووی وڵاتەکانیان بکەن، باس لە کێشە و پرس و قەیرانەکانی ئێستا بکەن، بەدوای ڕێگا و ئامرازی گونجاودا بگەڕێن بۆ چارەسەرکردنیان، بەرەنگاربوونەوەی کۆنەپەرستی،گفتوگۆکردن لەسەر پرسەکانی ئازادی ژنان، جگە لە چالاککردنی ڕۆڵی گەنجان لە باکووری ئەفریقا و پەرەپێدانی میکانیزمێکی ڕێکخراوەیی هەمەلایەنە بۆ پشتیوانیکردنی یەکتر و زیندووکردنەوەی ڕۆحی خەبات و بەرپرسیارێتی لەنێوان گروپی گەنجدا.
"کێشەی ژنان لە تەواوی جیهان یەک کێشەیە"
لە دووەم ڕۆژی کۆنفرانسی گەنجانی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا، ئیمان ئیبراهیم، چالاکوانی مافی گەنجان لە ئوردنەوە ڕایگەیاند، بەشداریی لە کۆنفڕانسەکەدا کردووە بۆ نوێنەرایەتیکردنی ژنانی ئوردن و فەڵەستین، هەروەها بۆ ئەوەی کێشەی ئەو ژنانەش دەربخات و چۆن کاریگەرییان لەسەر ژنان و منداڵان پێکەوە هەیە.
جەختی لەوەکردەوە، کێشە و ئاستەنگییەکانی بەردەم ژنان لە هەموو وڵاتان وەک یەکن و وتی: ئەگەر چارەسەرێک بۆ کێشەکانی ژنانی ئوردن بدۆزینەوە، ئەوا کۆتاییمان بە کێشەکانی ژنان هێناوە، جا چ فەڵەستینی بێت یان وڵاتانی دیکەی جیهانی عەرەبی.
ئاماژەی بەوەشکرد، دیارترین کێشەکانی بەردەم گەنجان لە ئوردن، بێکاری و چەقبەستوویی ئابوورییە لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کە دواتر کاریگەری لەسەر ئوردن دەبێت.
"ئەنجامدانی کۆنفڕانسی لەم شێوەیە گرنگە بۆ گەنجان"
ڕۆناهی حسێن، نوێنەری تەڤگەری گەنجانی شۆڕشگێڕ لە ناوچەی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ڕایگەیاند، ئەم کۆنفڕانسە کە گەنجان و ژنانی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقای کۆکردووەتەوە، گرنگییەکی زۆری هەیە بەهۆی ئەو پرسە جۆراوجۆر و هاوبەشانەی کە باسیان لێکرا، لەوانە کۆچبەری و ئەو شەڕانەی کە دژی گروپی گەنج و سیستمی سەرمایەداری ئەنجامدراون کە ئامانجیانە گەنجان نەهێڵن و مافەکانیان زەوت بکەن.
لە درێژەی قسەکانیدا باسی لەوەکرد، کۆنفڕانسەکە گەنجانی پێکهاتە و نەتەوەو پێکهاتە جیاوازەکانی کۆکردوەتەوە هەر بۆیە بیرۆکە و ئەزموونی جۆراوجۆر ئاڵوگۆڕ کرا، کێشەی گەنجان لە هەر شوێنێک بێت هەمان شتە، تەنها بە پێی ئەو ناوچەیە دەگۆڕدرێت کە تیایدا دەژی.
دووپاتییکردەوە، لەڕێگەی کارەکانی هەموو وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا لە پرۆژەی نەتەوەی دیموکراتیک، پێکەوەژیان، و ئازادی ژنان، دەکرێت شەڕی تایبەت نەهێڵدرێت، کە ئەمەش لە میانی کۆنفرانسەکەدا گفتوگۆی لەسەر کرا.