وتارێکی ئیلهام ئەحمەد یەکەم وتاری ساڵرۆژی ڕاگەیاندنی کۆماری ئازادی ڤییەنا بوو
لە فێستیڤاڵی "کۆماری دیموکراتی ڤییەنا" کە هاوکاتی ساڵڕۆژی ڕاگەیاندنی کۆماری ئازادی ڤییەنا بوو وتارێکی ئیلهام ئەحمەد، وەک یەکەم وتاری ساڵیادەکە پێشکەش کرا و وەک " خوشکێکی کۆماری ئازادی ڕۆژاڤا" بە ناو کرا.
ناوەندی هەواڵ
هەفتە چالاکییەکانی فێستیڤاڵی "کۆماری دیموکراتی ڤییەنا" لە ١٧ی ئایارەوە دەستی پێکردووە و تا ٢٣ی حوزەیران بەردەوام دەبێت، کە تیایدا چەندین هەفتەی هونەری لە بواری شانۆی قسەکردن، ئۆپێرا، مۆسیقا، سەما، نمایش، هونەری بینراو و چالاکی نمایش کراو پێشکەش دەکرێت، فێستیڤاڵەکە هاوکاتی ساڵرۆژی ڕاگەیاندنی کۆماری ئازادی ڤییەنایە و لەبەردەم هۆڵی شارەوانی شارەکەدا بە هەزاران کەس ئاهەنگیان بۆ ساڵیادەکە گێڕا.
ساڵڕۆژی ڕاگەیاندنی کۆماری ئازادی ڤییەنا بە پەخشی ڕاستەوخۆ پەخشدەکرا و چەندین لێدوان و وتار پێشکەشکران و چالاکوانان و گروپە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان بەشداریان کرد، ئیلهام ئەحمەد، سیاسەتمەدار و وتەبێژی کاروباری دەرەوەی خۆبەرێوەبەریی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، بە پەیامێکی ڤیدیۆی وتارێکی پێشکەش بە هەفتەکانی فێستیڤاڵی ڤییەنا کرد و ساڵرۆژی ڕاگەیاندنی کۆماری ئازادی ڤییەنای بەرز ڕاگرت.
ئیلهمام ئەحمەد، کە لەدایکبووی عەفرینە و تا ساڵی ٢٠٢٣ هاوسەرۆکی دەستەی کارگێڕی ئەنجومەنی سووریای دیموکراتیک بوو و ئێستا وتەبێژی کاروباری دەرەوەی خۆبەرێوەبەریی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریایە، پێشکەشکاری فێستیڤاڵەکە، بیبیانا بێگلاو، ئەکتەر، وەک "خوشکێکی کۆماری ئازادی ڕۆژاڤا" بە ناوی کرد و وەک یەکەم پەیامی سیاسی ئەو ئێوارەیە، پەیامی ئیلهام ئەحمەد پێشکەشکرا.
ئیلهام ئەحمەد وێڕای پیرۆزبایی لە ساڵرۆژی ڕاگەیاندنی کۆماری ئازادی ڤییەنا وتی: "لە ڕۆژئاوا- باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریاوە، لە شوێنی شۆڕشی دیموکراسی، ئیکۆلۆژی و شۆڕشی ژنەوە ، لە ناخەوە سڵاو لە کۆماری ئازادی ڤییەنا دەکەین، هیوادارین ئێوە ببنە پاڵنەر بۆ بڵاوبوونەوەی کولتوورێکی دیموکراسی و ئازادی ژن" هاوکات جەختی لە خەبات و شۆڕشی ژنان و هاوبەشی لە بیر و هزردا کردەوە و وتارەکەی بە دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" کۆتایی پێهێنا.
جێی ئاماژەیە، هەفتەکانی فێستیڤاڵی ڤییەنا لە ساڵی ١٩٥١ەوە مەیدانێک بووە قسەکردن، نمایش و کاری هونەریی لەسەر نەریت، داهێنان، پێشەنگایەتی و ئەزموونی دیموکراسی. فێستیڤاڵەکە تا ٢٣ حوزەیران بەردەوام دەبێت و بە گشتی ئەمساڵ لە فێستیڤاڵەکەدا زیاتر لە ٤٥ بەرهەم و پڕۆژەی هونەری لە بوارەکانی شانۆی قسەکردن، ئۆپێرا، مۆسیقا، سەما، نمایش، هونەری بینراو و چالاکی نمایش کراوە و دەکرێت، لەگەڵ گرنگیدان بە فۆرمات و پڕۆژەی بەشداریکردن لەگەڵ وەرگرتنی بێبەرامبەر، هەفتەیەکی فێستیڤاڵەکەش بۆ شۆڕشی ژن، ڕۆژئاوا و ژنۆلۆژی تەرخان کرا.