وشکەساڵی لە عێراق سەدان خێزان لە چەند شارێک ئاوارە دەکات
بەهۆی وشكەساڵی و گرتنەوەی ئاو لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە کە بووەتە هۆی بەبیابان بوونی بەشێکى خاکى زیقار، موسەنا و دیوانیە، کە دەکەونە سەر ڕووباری فورات ٧٤٣ خێزان ئاوارەى نەجەف بوون.
ناوەندی هەواڵ
گۆڕانی کەشوهەوا و وشکەساڵی بووەتە مەترسى لەسەر عێراق، هەروەها کەمبوونەوەی ئاو بەدەر لە هۆکاری کەمی باران بارین، دەگەڕێتەوە بۆ گرتنەوەی ئاو لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە کە ئاوی ڕووباری دیجلەى لە ڕێگەی بەنداوی ئەلیسووە ڕاگرتووە، ئاوی ڕووباری فوراتیش لەلایەن بەنداوی ئەتاتوركەوە دەستی بەسەردا گیراوە.
ئەم کەم ئاویی و وشکەساڵییە کە دەبیتە هۆی بەبیابان بوونی زۆرینەی شارەکان بە تایبەت زیقار، موسەنا و دیوانیە، کە دەکەونە سەر ڕووباری فورات بووەتە هۆی ئاوارەبوون و کۆچی سەدان خێزان، لەو بارەیەوە حەیدەر عەبدولكەریم، بەڕێوەبەری بەشی كۆچ و كۆچبەرانی پارێزگای نەجەف، ڕایگەیاندووە، بەهۆی وشكەساڵی و بە بیابانبوونى بەشێکى خاکى پارێزگاكانی زیقار، موسەنا و دیوانیە ٧٤٣ خێزانى ئەو ناوچانە ئاوارەی شاری نەجەف بوون.
ئاماژەی بەوەشكرد، ئاوارەكان لەو ناوچانەوە ئاوارەبوون كە بەدەست قەیرانی كەم ئاوی و بە بیابانبوون دەناڵێنن و لە ئێستاشدا ئاوارەكان لە شوێنە جیاجیاكانی نەجەف بڵاوبوونەتەوە.