کۆمەڵەی ڕۆژنامەنووسانی دیجلە-فورات : زیادبوونی فشارەکان لەسەر ڕۆژنامەنووسان لە تورکیا، لە چارەکی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٦ئاشکرا دەکات
دۆخی ڕۆژنامەگەری لە تورکیا لەگەڵ هاتنی ساڵی ٢٠٢٦ بەرەو خراپتر دەچێت، کۆمەڵەی ڕۆژنامەنووسانی دیجلە و فورات ”DFG” دەڵێن: ئەم کارانە چیتر ڕووداوی گۆشەگیر نین، بەڵکو بوونەتە بەشێک لە سیستەمێکی هەمەلایەنەی سەرکوتکردن کە کاری ڕۆژنامەوانی دەکاتە ئامانج.
ئامەد_کۆمەڵەی ڕۆژنامەنووسانی دیجلە و فورات ”DFG” لە ڕۆژی جیهانی ئازادی ڕۆژنامەگەریدا، ٣ی ئایار، ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و هۆشداریی لە خراپبوونی خێرای دۆخی ڕۆژنامەگەری لە تورکیا دا. ئاماژە بە زیادبوونی بەرچاوی پێشێلکارییەکان کراوە لە ماوەی سێ مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٦دا، لەوانە دەستگیرکردن، سانسۆر، هەراسانکردنی دادوەری و دەستدرێژی جەستەیی. لە ڕاگەیاندراوەکەدا، کە ٣ی ئایار بڵاوکرایەوە، کۆمەڵەی ڕۆژنامەنووسانی دیجلە-فورات ”DFG” وتی: ڕۆژی جیهانی ئازادی ڕۆژنامەگەری چیتر تەنها بۆنەیەکی سیمبولی نییە بۆ یادکردنەوەی ڕۆڵی گرنگی ڕۆژنامەگەری لە کۆمەڵگە و خەباتی ڕۆژنامەنووسان بۆ ڕاستی، بەڵکو ساڵ لە دوای ساڵ لە تورکیا لە ژێر بارودۆخێکی خراپتردا بەدی دەکرێت، بەپێی ئەو زانیاریانەی لە نێوان مانگی کانوونی دووەم و ئازاردا کۆکراونەتەوە.
پێشێلکاری سیستماتیکی نەک ڕووداوی گۆشەگیر
ڕوونی کردەوە، کە داتا بەڵگەدارەکانی چارەکی یەکەمی ساڵ ئاشکرای دەکەن کە ئەم پێشێلکاریانە چیتر ڕووداوی گۆشەگیر نین، بەڵکو گۆڕاون بۆ سیستەمێکی فرەڕەهەندی فشار کە ڕاستەوخۆ ڕۆژنامەنووسان دەکاتە ئامانج. بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، مانگی کانوونی دووەم، ١٤ ڕۆژنامەنووس دەستگیرکران و کەسێکی دیکەش ڕاگیرا، ئەمە جگە لە هەڵکوتانە سەر ماڵی ڕۆژنامەنووسێک و هەڕەشەکردن لە سێ کەسی دیکە، هەروەها ڕێگری لە ٢٢ ڕۆژنامەنووس کرا کە ڕووماڵی ڕووداوەکان بکەن. مانگی شوبات شایەتی زیادبوونی هێرشەکان بوو، شەش ڕۆژنامەنووس هێرشیان کرایە سەر و ١١ ڕۆژنامەنووس دەستگیرکران و پێنج ڕۆژنامەنووس دەستگیرکران، هەروەها هەڵیانکوتایە سەر ماڵی شەش ڕۆژنامەنووس، مانگی ئادار دەستگیرکردنی پێنج ڕۆژنامەنووس و ڕاگرتنی دوو ڕۆژنامەنووس و ڕێگریکردن لە ڕووماڵکردن لە پێنج ڕووداوی جیاوازدا بەخۆیەوە بینی.
دەسەڵاتی دادوەری وەک ئامرازێکی فشار
کۆمەڵەکە لە ڕاگەیامدراوەکەدا، تیشکی خستە سەر قوڵبوونەوەی فشاری دادوەری، ئاماژەی بە بەردەوامبوونی دەیان دۆسیەی دژی ڕۆژنامەنووسان کرد، لە مانگی کانوونی دووەمدز ٦١ ڕۆژنامەنووس لە ٢٩ حاڵەتدا دادگایی کران و سێ ڕۆژنامەنووس بە کۆی گشتی سزای زیندانیکردنیان بەسەردا سەپێنراوە کە کۆی گشتی سێ ساڵ و نۆ مانگ و حەوت ڕۆژە. لە مانگی شوباتدا دادگایی کردنی ٤٥ ڕۆژنامەنووس لە ٣٠ حاڵەتدا بەردەوام بوو، ٩ ڕۆژنامەنووس سزای زیندانیکردن و سزای پارە بە کۆی گشتی شەش ساڵ و حەوت مانگ و شەش ڕۆژ وەرگرتووە. لە مانگی ئاداردا، دادگاییکردنی ٢٤ ڕۆژنامەنووس لە ٢١ حاڵەتدا بەردەوام بوو، سێ کەسیان سزای زیندانیکردنیان بە کۆی گشتی ٩ ساڵ و یەک مانگ وەرگرتووە. کۆمەڵەکە ئاماژەی بەوە کردووە، کە ژمارەی ئەو ڕۆژنامەنووسانەی لە ماوەی چارەکی یەکەمدا دەستگیرکراون لە نێوان ٢٦ بۆ ٣١ ڕۆژنامەنووس بووە، ئەمەش ڕەنگدانەوەی بەکارهێنانی دەسەڵاتی دادوەرییە وەک ئامرازێکی سەرەکی بۆ سەرکوتکردنی کاری ڕۆژنامەوانی.
سانسۆری دیجیتاڵی و زیادکردنی قەدەغەکردن هەروەها کۆمەڵەکە فراوانبوونی سانسۆری دیجیتاڵی و ڕێگریکردن لە دەستڕاگەیشتن بە ناوەڕۆک بەڵگەدار کردووە، لە مانگی کانوونی دووەمدا سێ ماڵپەڕ قەدەغەکردن کران و دەستڕاگەیشتن بە ٢٣ بابەتی هەواڵ سنووردار کرا و ٤٥٨ پارچە ناوەڕۆک لە پلاتفۆرمی تۆڕی کۆمەڵایەتی لابرا. لە مانگی شوباتدا، ٣١ بابەتی هەواڵ و ٢٧٢ پارچە ناوەڕۆک بلۆک کران و ١٠ فەرمانی قەدەغەکردنی بڵاوکردنەوە دەرچوو، لە مانگی ئاداردا شەش بابەتی هەواڵ و ٧٥ پارچە ناوەڕۆک لە تۆڕی کۆمەڵایەتی قەدەغەکران. ئازادی ڕۆژنامەگەری لە تورکیا لە هەموو لایەکەوە گەمارۆ دراوە کۆمەڵەی ڕۆژنامەنووسانی دیجلە-فورات ”DFG” جەختی لەوە کردەوە، کە داتا کۆکراوەکان بە ڕوونی ئەوە دەردەخەن کە ئازادی ڕۆژنامەگەری لە تورکیا لە ژێر گەمارۆی یاسایی و فیزیکی و دیجیتاڵی و ئابووریدایە، ٣ی ئایار دەبێ وەک بیرهێنانەوەی خەباتی ئەو ڕۆژنامەنووسانە بێت کە ڕووبەڕووی دەستگیرکردن و لێپێچینەوە و هەڕەشە و تەنانەت پێشێلکردنی مافی ژیانیان دەبنەوە. کۆمەڵەکە لە کۆتایی ڕاگەێاندراوەکەیدا دووپاتیکردەوە، کە پرێسێکی ئازاد هەوێنی کۆمەڵگەیەکی دیموکراتییە و دەنگی ڕاستی بێدەنگ ناکرێت.