هیندستان، ڕووسیا، پاکستان داوا لە تاڵیبان دەکەن ڕێز لە مافی هەموو ئەفغانییەکان بگرێت

وەزیرانی دەرەوەی هیندستان و ڕووسیا و پاکستان داوای حکومەتێکی نوێنەرایەتیان لە ئەفغانستان کرد بۆ پاراستنی مافەکانی ژنان، ئەمەش دوای نزیکەی دوو ساڵ لە گرتنەدەستی دەسەڵاتی تاڵیبان و سەپاندنی چەندین یاسا بەسەر ژنان کە لە مافەکانیان بێبەشیان دەکات.

ناوەندی هەواڵ

 

وەزیرانی دەرەوەی هیندستان و ڕووسیا و پاکستان ڕۆژی هەینی داوای حکومەتێکی نوێنەرایەتی لە ئەفغانستان کرد بۆ پاراستنی مافەکانی ژنان، ئەمەش دوای نزیکەی دوو ساڵ لە گرتنەدەستی دەسەڵاتی تاڵیبان  لە ئەفغانستان.

 

لە کۆبوونەوەی یەک ڕۆژەی وەزیرانی دەرەوەی ڕێکخراوی هاوکاری شەنگەهای لە ویلایەتی گوا هاوینەهەواری کەنار دەریاکانی هیندستان، کە کۆبوونەوەکە هاوکات پێش کۆبوونەوەیەکی دیکەیە کە بڕیار وابوو لە کۆتایی هەفتەدا لە پاکستان لە نێوان وەزیرانی دەرەوەی پاکستان و چین و ئەفغانستان ئەنجام بدرێت .

 

وەزیری دەرەوەی هیندستان سوبراهمانیام جایشانکار لە کۆبوونەوەکە ئاماژەی بەوەکردووە، "دۆخی پەرەسەندنی ئەفغانستان لە ناوەندی سەرنجەکانماندا دەمێنێتەوە، پێویستە هەوڵەکانمان بەرەو خۆشگوزەرانی گەلی ئەفغانستان بێت، هەنگاوە گرنگ و دەستبەجێکان بریتین لە پێشکەشکردنی هاوکاری مرۆیی، دەستەبەرکردنی حکومەتێکی گشتگیر و نوێنەرایەتی، بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان و پاراستنی مافەکانی ژنان و منداڵان و کەمینەکان."

 

تا ئێستا هیچ وڵاتێک دانی بە حکومەتی تاڵیباندا نەناوە کە لە مانگی ئابی ٢٠٢١دا دەستی بەسەر ئەفغانستاندا گرت، دوای ٢٠ ساڵ یاخیبوون لە دژی ئەمریکا.

 

سێرگی لاڤرۆڤی ڕووسیا، بیلاوال بوتۆ زارداری پاکستان ئاماژەیان بەوەداوە کە "کۆمەڵگەیەکی نێودەوڵەتی یەکگرتوو دەبێت بەردەوام بێت لە هاندانی دەسەڵاتدارانی ئەفغانستان بۆ پەسەندکردنی بنەما گشتگیرە پەسەندکراوەکانی گشتگیری سیاسی و ڕێزگرتن لە مافەکانی هەموو ئەفغانییەکان، لەنێویاندا مافی کچان بۆ خوێندن."

 

نیگەرانییەکان سەبارەت بە سەقامگیری ئەفغانستان لە زیادبووندایە لە کاتێکدا ئەو وڵاتە لەگەڵ ئابووری و قەیرانە مرۆییەکانی ژێر دەسەڵاتی تاڵیباندا دەناڵێنێت، ژنانی وڵاتەکە لەژێر دەسەڵاتی خۆسەپێنی تاڵیبان لە چەندین ماف بێبەشبوون و لە دۆخێکی سەختی گوزەراندا دەژین، لە کاتێکدا تاڵیبان کۆنتڕۆڵەکانی لەسەر دەستڕاگەیشتن بە ژیانی گشتی ژنان توندتر کردووە، لەوانەش قەدەغەکردنی ژنان لە زانکۆ و داخستنی قوتابخانە ئامادەییەکانی کچان.

 

ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لەم هەفتەیەدا هۆشداریدا لە کەمبوونەوەی توندی بەڵێننامە داراییەکان بۆ بانگەوازە مرۆییەکانی ئەمساڵ، کە زیاتر لە ٦٪ پارەی بۆ دابین دەکرێت، کە کەمترە لەو ٤.٦ ملیار دۆلارەی کە داوای بۆ وڵاتێک کراوە کە زۆربەی دانیشتووانەکەی لە هەژاریدا دەژین.