داوای ٪٥٠ی کورسییەکانی پەرلەمان بۆ ژنان دەکرێت

هاوپەیمانی ژنانی کوردستان لە سەردانێکدا بۆ لای سەرۆکی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان داوایان کردووە، بەشێوەیەکی یاسایی ٪٥٠ی کورسییەکانی پەرلەمانی کوردستان بۆ ژنان بێت.

ناوەندی هەواڵ

 

هاوپەیمانی ژنانی کوردستان، سەردانی ڕێواز فایەق، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستانیان کرد، پاش کۆبوونەوەکە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیا ئاشکرایان کرد ، کە پڕۆژە یاساییەکیان ئاڕاستەی سەرۆکی پەرلەمان کردووە، داوایان کردوە بەشێوەیەکی یاسایی ٪٥٠ی کورسییەکانی پەرلەمانی کوردستان بۆ ژنان بێت.

 

لەو بارەیەوە بەهار عەلی، یەکێکە لە ئەندامانی هاوپەیمانێتییەکە ڕایگەیاند،”ڕێژەیەکی زۆری ژنانی ڕۆشنبیر و ئەکادیمی هەیە، هیچ هۆکارێک بۆ جیاوازی نێوان ژنان و پیاو نییە، بەشداری ڕاستەقینەی ژنان زامنی ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەکانە”.

 

بۆ ئەو مەبەستە بڕیارە کەمپەینێک بۆ جێبەجێکردنی ئەم پڕۆژە یاسایە دروستبکرێت، وتیشی “کاتی ئەوەیە سوود لە ئەزموونەکانی ژنان وەربگیرێت، هەرێمی کوردستان پێویستی بە ئەزموونەکانی ژنانە، خۆشحاڵین سەرۆکی پەرلەمان باوەڕی بە پڕۆژەکە هەیە”.

 

ئەندامانی پەرلەمان چوار ساڵ جارێک لە ھەڵبژاردنی گشتیی لە ھەرێمی کوردستاندا، دەستنیشان دەکرێن و لانی کەم دەبێ ٢٥٪ -ی ئەندامانی پەرلەمان ژن بن، بۆ ماوەی چوار ساڵە لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، سەرۆک و سکرتێری پەرلەمان ژنە و لە ئێستادا داوای زیادکردنی ڕێژەی ژنان دەکەن وەک ئەندام لە پەرلەمانی کوردستان.