خێزانە سودانییەکان لە ترسی "شەرمەزاری" نکۆڵی لە منداڵەکانیان دەکەن

ڕێکخراوی گەشەپێدانی منداڵان لە سودان ئاشکرایکرد، دوای ئەوەی لە کاتی شەڕدا کچان لەلایەن هێزەکانی پشتیوانی خێرا دەستدرێژییان کراوەتە سەر، ئێستا لەلایەن خێزانەکانیانەوە نکۆڵییان لێدەرکرێت.

ئایە ئیبراهیم

 

سودان- لەناو ئەو ململانێیەدا، کە لە سودان بەردەوامە، ئازارەکانی منداڵان و ژنانی گەنج زیاتر دەبن، چونکە خۆیان دەبیننەوە کە ڕووبەڕووی پێشێلکارییەکی قورس بونەتەوە، کە ئەمەش مەترسی لەسەر ژیان و داهاتوویان دەبێت، لە نێوان دیمەنەکانی توندوتیژی و دەستدرێژی و دامەزراندنی زۆرەملێدا، هەوڵەکانی ڕێکخراوی گەشەپێدانی منداڵان وەک هێڵی پێشەوەی مرۆی دەردەکەون، کە هەوڵدەدات قوربانییەکان لە باوەش بگرێت و پشتیوانی دەروونی و کۆمەڵایەتییان بۆ دابین بکات.

 

لەم ڕاپۆرتەدا، ئیزدیهار عومەر، بەرپرسی ڕێکخراوی گەشەپێدانی منداڵان، ڕۆشنای دەخاتە سەر ئەو ڕاستیە پڕ لە ئازارەی کە منداڵان لە ناوچە جێناکۆکەکاندا ئەزمونی دەکەن و پلان و بەرنامەکان ئاشکرا دەکات کە ئامانجیان دووبارە بونیادنانەوەی ژیانی پارچە و شکاوی ئەو منداڵانە و توانای وەرگرتنەوەی سەلامەتی و کەرامەتیان هەیە.

 

"منداڵانی خوار تەمەنی یاسایی ڕووبەڕووی زەبر و زەنگ دەبنەوە"

ئیزدیهار عومەر ڕوونیشیکردەوە، کە هەندێک لە ژنانی گەنج، لە ترسی کاردانەوەی کۆمەڵایەتی یان خێزانی، بەهۆی دەستدرێژیکردنە سەریان، ناچارن خێزانەکانیان بەجێبهێڵن، ڕێکخراوی گەشەپێدانی منداڵان حاڵەتی ژنانی گەنجی وەرگرت، کە داوای لەباربردنی منداڵ دەکەن، بەڵام لە هەندێک حاڵەتدا، دواکەوتنی دیاریکردنی دووگیانی وا دەکات ڕێکارە پزیشکییەکان مەحاڵ بن، کە ئەمەش ناچاریان دەکات بەردەوام بن لە دووگیانی و منداڵبوونیان.

 

ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەگەر ژنێکی گەنج ڕەتیبکاتەوە چاودێری منداڵە تازە لەدایکبووەکەی بکات، ئەوا بەرپرسانی چاودێری کۆمەڵایەتی بەرپرسیارێتی سەرپەرشتیکردنی لە ئەستۆ دەگرن، هەندێک لە ژنانی گەنج بەدەست دوو زەبر و زەنگ دەناڵێنن ئەویش دەستدرێژی سێکسی و جیابوونەوە لە خێزانەکانیانە، کە ئەمەش پێویستی بە دەستێوەردانی دەروونی و کۆمەڵایەتی لەلایەن ڕێکخراوەکەوە هەیە، بۆ ئەوەی پشتگیری و چاکسازی پێویستیان بۆ دابین بکات، هەروەها پشتگیرییەکانی دیکە لە ڕێگەی دەستپێکردنی بازرگانی بچووکەکانەوە پێشکەش دەکرێن.

 

هەروەها ڕێکخراوەکە چاودێری حاڵەتەکانی لەباربردنی منداڵ دەکات و پاڵپشتی دەروونی و کۆمەڵایەتییان بۆ دابین دەکات، وتی: لەباربردن تەنها دوای تۆمارکردنی ڕاپۆرت و پشتڕاستکردنەوەی دەستدرێژی سێکسی ئەنجام دەدرێت.

 

"منداڵەکانی دارفور: لە نێوان ئازار و هیوادا"

ئێزدیهار عومەر خەمی خۆی دەربڕی بەرامبەر ئەو مەترسییە زۆرانەی کە منداڵان لە کاتی شەڕ و پێکدادانەکانی وڵاتدا، ڕووبەڕوویان دەبێتەوە و ڕوونیکردەوە، کە هەندێکیان خێزانەکانیان لەدەستداوە، بەرکەوتەی توندوتیژین، تووشی نەخۆشی بوون، ئەندامەکانی جەستەیان لەدەستداوە، هەروەها زۆرینەیان هاوڵاتی ناوچەی دارفورن لە ڕۆژئاوای وڵات، کە لە بەرامبەردا، ڕێکخراوەکە لە ڕێگەی لقەکانییەوە لەوێ پشتگیری دەکات و شوێنی پێشوازی بۆ منداڵان لە شوێنە سەلامەتەکاندا هەیە.

 

ڕوونیشیکردەوە، کاتێک ڕێکخراوەکە ئەو منداڵانەی لە ناوچە جێناکۆکەکانەوە دەگەن، تۆماریان دەکات و ئەو کەسانە دەژمێرێت کە خێزانەکانیان لەدەستداوە، دواتر هەڵسەنگاندن بۆ بارودۆخی دەروونی و کۆمەڵایەتییان دەکات، وتی: پاڵپشتی پێویستیان بۆ دابین دەکرێت، جلوبەرگ و منداڵانی تەمەنی خوێندن لە قوتابخانەکاندا ناویان تۆمار دەکرێت، لەگەڵ پێداویستییە پەروەردەییەکان، هەروەها چالاکییەکانی وەک یارییەکان لەناو قوتابخانەکاندا ڕێکدەخرێن، بە ئامانجی کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی ئەو ئەزمونە سەختانەی کە بەسەریاندا هاتووە، ئەمەش لە چوارچێوەی بەرنامەیەکدایە کە بە "مكانا" "شوێنێک" ناسراوە، و ئامانجی ئەوەیە هەموو منداڵان بگرێتەوە.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، کە ڕێکخراوەکە کار لەسەر شوێنپێهەڵگرتن و یەکخستنەوەی خێزانی منداڵانیش دەکات لە ڕێگەی گروپەکانی توێژەری کۆمەڵایەتی، بۆ ئەوەی منداڵەکە بتوانێت بگەڕێتەوە ناو خێزانەکەی و بخرێتە ژێر چاودێری ئەوانەوە.

 

"پلانی مرۆیی بۆ ڕزگارکردنی منداڵان"

ئیزدیهار عومەر ڕوونیشیکردەوە، کە لەم دواییانەدا ٢٥ منداڵ بەهۆی تەقەمەنیەوە برینداربوون، ئەمە جگە لە حاڵەتی تۆمارکراوی ڕفاندن و دامەزراندنی زۆرەملێی منداڵانی خوار تەمەنی ١٨ ساڵ، کە هەندێک خێزان شوێنی منداڵەکانیان دەزانن، بەڵام لە ترسی هێزەکانی پشتیوانی خێرا دەترسن دەستیان پێ بگەن، هەروەها منداڵان لەبەردەم خێزانەکانیاندا کوژراون، کە ئەمەش ڕەنگدانەوەی گەورەی ئەو کارەساتەیە کە هاوڵاتیانی مەدەنی لە ناوچە جێناکۆکەکاندا ئەزمونی دەکەن.

 

سەبارەت بە پلانەکانی داهاتوو، وتی: ڕێکخراوەکە بەنیازە دەست بکات بە پشتگیریکردنی منداڵانی بەزۆر دامەزراو لەڕێگەی پێشکەشکردنی چاودێری دەروونی و کۆمەڵایەتی و گەڕاندنەوەی منداڵانی تەمەنی خوێندن بۆ خوێندن. ئەو ئاماژەی بە بوونی بەرنامەکانی ڕاهێنانی پیشەیی کرد کە ئامانجیان بەهێزکردن و تێکەڵکردنەوەی کۆمەڵایەتییە بۆ ئەو منداڵانەی کە لە خێزانەکانیان جیابوونەتەوە، لەگەڵ پڕۆژەکانی تایبەت بە پشتگیریکردنی خێزانەکان و بەردەوامبوون لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییە چارەسەرییەکان بۆ ژنانی گەنج کە دەستدرێژییان کراوەتە سەر.

 

ئیزدیهار عومەر، بەرپرسێکی ڕێکخراوی گەشەپێدانی منداڵان، داوای لە خێزانەکان کرد پەیوەندییەکی متمانە و دۆستایەتی لەگەڵ منداڵەکانیان دروست بکەن، بۆ ئەوەی هەست بە سەلامەتی بکەن لە دەربڕینی ئەزمونەکانیان بە ئاماژەدان بەوەدا، کە حاڵەتی دەستدرێژی سێکسی هەیە، کە منداڵی نێوان تەمەنی ٩ بۆ ١٠ ساڵن، ئەوان بە خێزانەکانیان ناڵێ کە تووشی چی بوون، لە کاتێکدا، زانیارییەکان لە سەرچاوەی دیکەوە دەگاتە ڕێکخراوەکە.

 

جەختی لەسەر گرنگی مامەڵەنەکردن لەگەڵ دەستدرێژی وەک چەواشەکارییەک کردەوە، بەڵکو جەختی لەسەر گرنگی تێگەیشتن لەوە کردەوە، کە وڵات یووشی بارودۆخەکی سەخت دەبێتەوە لەگەڵ ئەو ململانێیە بەردەوامەی کە منداڵانی بەرەوڕووی ئەو جۆرە پێشێلکارییانە کردووەتەوە، داوای لە خێزانەکان کرد کە دەستبەجێ هەر حاڵەتێکی دەستدرێژی سێکسی هەبوو ڕاپۆرتی بکەن، بۆ ئەوەی دڵنیابن لەوەی مافەکان پارێزراون و پشتیوانی دەروونی پێویست بۆ منداڵانی زیانلێکەوتوو دابین بکرێت.