خوێندكارانی زانکۆی کۆیە ڕۆژی جلی كوردییان بەرز ڕاگرت

خوێندکارانی زانکۆی کۆیە پێش هاتنی مانگی ڕەمەزان، ڕۆژی جلی کوردییان بەرز ڕاگرت و وتیان: جلی كوردی ناسنامەی گەلی كوردە، بۆیە پێویستە هەموو تاكێك جلی نەتەوەیی خۆی بپارێزێت.

شیا كۆیی

 

کۆیە- هەموو گەل و نەتەوەیەك خاوەنی كولتوور و دابونەریتی خۆیەتی و لە كولتووری کوردیشدا جلوبەرگی كوردی یەکێکە لە سیمبولەکان، بەهۆی ئەوەی ڕۆژی جلی کوردی، دەکەوێتە ١٠ی ئاداری هەموو ساڵێک و ئەمساڵیش هاوکاتی مانگی ڕەمەزانە، بۆیە خوێندکارانی زانکۆی کۆیە، بەر لە دەستپێکردنی ڕەمەزان بە لەبەرکردنی جلوبەرگی کوردی، ئەو ڕۆژە و جلوبەرگی کوردییان بەرز ڕاگرت.

 

فریشتە تەها، خوێندكاری قۆناغی سێی بەشی زمانی ئینگلیزی زانكۆی كۆیە، سەبارەت بە پۆشینی جلی كوردی بۆ نوژنها وتی: ئەمڕۆ ڕۆژی جلی كوردی نیە، بەڵام بەهۆی ئەوەی ١٠ی مانگی ئادار دەكەوێتە ناو مانگی پیڕۆزی ڕەمەزان، بۆیە ئەمڕۆ جلی كوردیمان پۆشی، تا ئەو ڕۆژە بە زیندووی بهێڵینەوە.

 

چڕۆ ڕەئوف، خوێنكاری قۆناغی چواری بەشی زمانی ئینگلیزیە لە زانكۆیی كۆیە، وتی: بەهۆی خۆشەویستیمان بۆ جلی كوردی، بڕیارماندا ئەمڕۆ جلی كوردی لەبەر بكەین و یادی ڕۆژی جلی كوردی بكەینەوە.

 

بەیان فەرهاد، خوێندكاری قۆناغی چواری زمانی كوردی لە زانكۆی كۆیە، وەك هاوڕێكانی جلی كوردی پۆشیوە وتی: ئەمڕۆ بە بۆنەی ڕۆژی جلی كوردی جلی كوردیمان پۆشیوە و زۆر خۆشحاڵین بەوەی كە ئەو یادەمان كردەوە و ڕۆژەكەمان پیشخست بۆ ئەمڕۆ.

 

شازیار سەرباز و ئەوین بەختیار دوو هاوڕێن و خوێندكاری قۆناغی سێن لە بەشی بایۆلۆجی زانكۆی كۆیە، بە بۆنەی ڕۆژی جلی كوردی لەگەڵ هاوڕێكانم جلی كوردیمان پۆشیوە، چونكە جلی كوردی ناسنامەی گەلی كوردە، بۆیە پێویستە هەموو تاكێك جلی نەتەوەیی خۆی بپارێزێت و ئەو یادانە بەرز ڕابگرین.