دەزگای شەمس ئافریدا ساڵانە پێشانگایەک بۆ بەرهەمەکانی ژنان سازدەکات

 ئەو ژنانەی کە پاڵپشتییان لە دامەزراوەی شەمس ئافریدا وەرگرتووە، کارە دەستییەکانیان لە پێشانگاکی ساڵانەدا بە ناوی 'ئافریدا' پێشکەشکرد، تابلۆکانی ناو پێشانگاکە دەریدەخەن کە ژنان لەسایەی ئەم دامەزراوەیە لە توندوتیژی پارێزراون.

دڵنیا شەریفی

 

ورمێ- پێشەنگای "ئافریدا" لەلایەن دامەزراوەی شەمس ئافریدا لە بینای دامەزراوەکە لە ورمێ کرایەوە بۆ ئەو ژنانەی کە پاڵپشتی لە دەزگاکە وەردەگرن و کارەکانیان لە پێشەنگاکەدا نمایشکرد.

 

پێشانگاکە سەرنجی زۆری ژنانی بەلای خۆیدا ڕاکێشا، بەرهەمە نمایشکراوەکانی ناو پێشانگاکە بریتییە لە تابلۆ، کاری دەستی، ترشیات، برنج، پەنیری دەستی، جلوبەرگی بە دەست دووردراو و چەندین بەرهەمی تری کاری ژنان، پێشانگاکە سەرنجی زۆری بەشداربووانی بەلای خۆیدا ڕاکێشا.

 

 'من لێرەوە ڕزگارم بوو'

 سومەیا یەزدان، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی ئافریدا، کە بەشداربوو لە ئامادەکردنی پێشانگاکە، بە گەرمی بەخێرهاتنی بەشداربووانی کرد و چیرۆکی بەرهەمە جیاوازەکانی گێڕایەوە، وتی: ئەم دەستە ڕەنگینانە هی ئەو ژنانەن کە لە پەناگەدا ژیاون، هەریەک لەو ژنانە چیرۆکێکی جیاوازیان هەیە، ژنەکان لەسەر نووسراوەکە نووسیویانە "من لێرە ڕزگارم بوو"، پێشانگاکە لە ٢٧ی کانوونی دووەم کراوەتەوە و بەردەوام دەبێت، لە کاتژمێر ١ی پاشنیوەڕۆ تا ٨ی شەو کراوە دەبێت، ئەم پێشەنگایە بۆ ئەو ژنانە دانراوە کە لە توندوتیژی هەڵاتوون و لە پەناگەدا دەمێننەوە بۆ ئەوەی کار لەسەر بەهێزکردنی خۆیان بکەن و پەرە بە بەرهەمەکانیان بدەن.

 

 سومەیا یەزدان ڕوونیشیکردەوە کە دەزگای شەمس ئافریدا کار بۆ خزمەتکردنی ژنان و منداڵان دەکات و وتی: ئەم دامەزراوەیە خزمەتی تایبەت بە ژنان و منداڵان دەکات، ڕێکخراوێکی کۆمەڵگەی مەدەنی سەربەخۆیە و بە تایبەتی کار بۆ ئەو ژنانە دەکات کە ڕووبەڕووی توندوتیژی بوونەتەوە و ئەو منداڵانەی لە خوێندن بێبەش کراون، دامەزراوەکە لە ساڵی ٢٠٢٠ لەلایەن فاتیمە باباکسانی دامەزراوە و کار لەسەر پاراستنی مافەکانی ژنان و پاڵپشتیکردنی ئەو ژنانە دەکات کە ڕووبەڕووی توندوتیژی بوونەتەوە و یارمەتیان دەدات بۆ بەدەستهێنانی داهاتی سەربەخۆی خۆیان.

 

 ‘دامەزراوەکە چەندین خزمەتگوزاری پێشکەش دەکات’

 سومەیا یەزدان ڕایگەیاند، دامەزراوەی شەمس ئافریدا خزمەتگوزاری زۆر پێشکەش بە ژنان دەکات، "گەلێک پڕۆژە جێبەجێ دەکرێن بۆ دڵنیابوون لە سەلامەتی ژنانی قوربانیی توندوتیژی، پاڵپشتیکردنی ژنان لە بەدەستهێنانی کارامەیی پیشەیی، و بنیاتنانی ئابوورییەکی سەربەخۆ، پڕۆژەی وەک وۆرک شۆپ بۆ ئەو ژنانە جێبەجێ دەکرێن کە هەوڵی دۆزینەوەی کار دەدەن، هەروەها وۆرک شۆپی دروومان بە تایبەتی بۆ ژنان، هەروەها هەندێک بەرنامەی ڕاهێنانی پیشەیی بەردەوامن، دامەزراوەکە پێشانگای هونەری دەکاتەوە بۆ ئەوەی ژنان بتوانن ڕاستەوخۆ بەرهەمەکانیان بە خەڵک بفرۆشن، لەم پێشانگایەدا بەرهەمی وەک تابلۆ، ترشیات، کاغەز، قاوە، پەنیری دەستی، جل و بەرگی بەدەست دووردراو، و چەندین کاری تری کاری ژنان نمایش دەکرێت، هەموو ئەم بەرهەمانە هەڵگری لۆگۆی ئافریدان و بەهۆی ئەو ڕاهێنانانەی کە لەلایەن دامەزراوەکەوە پێشکەش دەکرێن بەرهەم دەهێنرێن، بە پاڵپشتی ئەو دامەزراوەیە ژنان لە ژینگەیەکی سەلامەتدا کاردەکەن و لە توندوتیژی دەپارێزرێن.

 

'منداڵەکانیش لەبیر نەکراون'

 سومەیا یەزدان جەختی لەوەش کردەوە، کە ئەو دامەزراوەیە تەنها بۆ ژنان نییە، بەڵکو چالاکییش بۆ منداڵان ئەنجام دەدات و وتیشی: لەو پێشانگایەی ساڵانە ئەنجامی دەدەین، زەرف دادەنێین تا منداڵانی خاوەن پێداویستی تایبەت بتوانن ئارەزووی خۆیان تێدا بنووسن، خێرخوازان ئەم زەرفانە دەبەن و خواستی ئەو منداڵانە بەدی دێنن، بەم شێوەیە هەوڵ دەدەین ڕێگری بکەین لە بێبەشبوونیان لە خوێندن، ئەم جۆرە چالاکییانە زۆر گرنگن بۆ زیادکردنی هۆشیاری کۆمەڵگە و پێشکەشکردنی پشتیوانی بۆ ئەو ژن و منداڵانەی کە دەبنە قوربانی توندوتیژی.

 

 ئاستەنگ و ململانێکان و مەترسی داخستنی بەردەم دامەزراوەکە

 سومەیا یەزدان وتیشی: دامەزراوەی کۆمەڵایەتی دەوڵەت هەوڵی زۆری دا بۆ داخستنی دامەزراوەکە، ئەکاونتی سۆشیال میدیای فاتیمە باباکسانی، دامەزرێنەری شەمس ئافریدا داخرا، بەڵام خەباتی ژنان و پشتیوانیی میدیاکان یارمەتیدەر بوو بۆ ئەوەی دامەزراوەکە لەسەرپێی خۆی بمێنێتەوە، یەکێک لە گەورەترین کێشەکانی دامەزراوەکە داواکاری چۆڵکردنی ئەو بینایە بوو کە وەک پەناگە بەکاردەهێنرا، فاتیمە باباکسانی بەم قسانە ئەم بابەتەی بۆ ڕای گشتی خستەڕوو "ژنان زۆر بەهێزن، بە پشتیوانی کۆمەڵگە و هەوڵی خۆمان، بەکارهێنانی بیناکەمان درێژکردەوە، بەڵام هێشتا کرێ و مافی بەکارهێنانی لە داهاتوودا ڕوون نییە"

 

 'پشتیوانی زیاتر لە ٥ هەزار ژن و منداڵ دەکەین'

 سومەیا یەزدان لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: لە نیوەی پارێزگاکانی ئێراندا هیچ پەناگەیەک بۆ ژنان نییە، لەو ڕۆژەوە کە دامەزراوەی شەمس ئفرید دامەزراوە، ڕۆژانە خزمەتی زیاتر لە پێنج هەزار کەسی کردووە، تا ئەمڕۆش پەناگەی بۆ زیاتر لە ۱۰۰ ژن دابینکردووە کە قوربانی توندوتیژین و لە شارەکانی وەک ورمێ، بۆکان و ماکویەوە  هاتوون، بەڵام ئەو ئاڵەنگاریانەیی کە ڕووبەڕوویان دەبنەوە، ئەو هەڕەشە و مەترسیانەی کە لە بەردەم ژناندایە  ڕێگری لە بەهێزکردنی ژنان دەکەن، بەردەوامن، ئەم پێشانگایە وەک دەرفەتێک پێشکەش دەکرێت بۆ گەڕان بەدوای توانا و هێزی ژنان، و لە پرۆسەی بانگەوازیکردندایە تا کۆمەڵگە پشتگیریان بکات.