بەھۆی وشکەساڵییەوە زیاتر لە ١٠ ھەزار خێزان لە عێراق کۆچیان کردووە
ڕێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی ئاشکرایدەکات، بەھۆی وشکەساڵییەوە زیاتر لە ١٠ ھەزار خێزان لە پارێزگاکانی عێراقەوە کۆچیان کردووە.
![](https://jinhaagency.com/uploads/so/articles/2022/12/20221220-wshka-sali-jpg85e249-image.jpg)
ناوەندی هەواڵ
ڕێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی "IOM" لە ڕاپۆرتێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، وشکەساڵی و گۆڕانکارییەکانی کەشوھەوا ڕێژەی کۆچکردنی لە عێراق زیادکردووە، بەشێوەیەک نزیکەی ١٠ ھەزار و ٤٦٤ خێزان لە ١٠ پارێزگای باشور و ناوەڕاستی عێراقەوە کۆچیان کردووە.
بە پێی توێژینەوەیەک کە ڕێکخراوەکە ئەنجامیداوە، زیاتر لە نیوەی ئەو خێزانانەی لە بەسرە کۆچیان کردووە ئاماژەیان بەوەکردووە کە ناتوانن خۆراک و پێداویستی سەرەکییان دابینبکەن، ٥٣٪ی ئەو خێزانانەش گرەنتی داراییان نییە.
هەر بەپێی ئەو ڕێکخراوە، لە مانگی حوزەیرانی ساڵی ٢٠١٨ەوە چاودێری دیاردەی کۆچ بەھۆی وشکەساڵییەوە لە عێراق دەکەن، وشکبوونەوە و کەم ئاوی و زیادبوونی سوێری ڕووبارەکانیش کاریگەرییان لەسەر کەرتی کشتوکاڵی عێراق زۆر زیاتر دەبێت.