جودی ویلیامس، خاوەن خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی نامەیەکی پشتیوانی بۆ ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان نارد

جودی ویلیامس، خاوەن خەڵاتی نۆبڵ نامەیەکی بۆ ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان نارد، پشتیوانی لە ڕۆڵی لە پرۆسەی ئاشتیدا و داوای داننان بە هەموو مافە سەرەتاییەکانی ئەوی کرد، لە سەرووی هەموویانەوە 'مافی هیوا'.

ناوەندی هەواڵ

 

جودی ویلیامس کە یەکێکە لە پشتیوانانی کۆنی هەڵمەتی نێودەولەتی "ئازادی بۆ ئۆجالان، چارەسەریی سیاسی بۆ پرسی کورد"، نامەیەکی بۆ ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجان نارد.

 

لە نامەکەیدا ڕایگەیاند کە ڕاگرتنی ماوەدرێژی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لە زیندان کێشەی جددیی مافی مرۆڤ و یاسای لەگەڵ خۆیدا هێناوە، ئەو ساڵانەی ڕێبەر لە زیندان تێیپەڕاند، نابێت تەنها وەکو مانەوە لە زیندان هەڵبسەنگێندرێت و وتی: ئەم دۆخە لە چوارچێوەی یاسای نێونەتەوەیی، شکۆی مرۆڤەکان و دادپەروەریدا سەبارەت بەو مافانەی کە پێویستە هەموو کەسێک هەیبێت، کێشەی قووڵتری لەگەڵ خۆیدا هێناوە.

 

دەقی نامەکە بەم شێوەیەیە:

"بەڕێز ئۆجالان،

بە هەستەکانی پشتیوانیی خۆم و بەو تێگەیشتنەی کە دۆخی ئێستای ئێوە نیگەرانیی جددیی یاسایی و مافەکانی مرۆڤ لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت، هەڵسەنگاندنتان بۆ دەکەم. ئێوە ساڵانێکی زۆرتان لە زیندان تێپەڕاند، نەک تەها لە ڕووی کاتی ڕاگرتنەوە، بەڵکوو لە چوارچێوەی یاسای نێونەتەوەیی، شکۆی مرۆیی و دادپەروەرییەوە، لە مژاری مافەکانی مرۆڤدا کە هەمووان پێویستە هەیانبێت، پرسیاری قووڵ لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت.

 

سزای زیندانیکردنی ماوەدرێژ کاریگەرییەکی قورسی لەسەر هەمووان هەبوو. بەڵام ئەو هەموو ساڵانە ئێوە بەرەنگاریتان کرد و بە بەردەوامی پێداگریی خۆتان نیشاندا. ئەم بەرخۆدێرییە نیشانەی شکۆ و باوەڕییەکی بەهێزە.

 

دۆزی ئەو پێویستە لە چوارچێوەی ڕێسا بنەڕەتییەکانی مافی مرۆڤ هەڵسەنگاندنی بۆ بکرێت. دادگای مافەکانی مرۆڤی ئەورووپا بە ئاشکرا ڕایگەیاندووە کە مافی هەموو ئەوانەیە کە سزای زیندانیی هەتاهەتایی و ماوەدرێژیان بۆ بڕدراوەتەوە، ببنە خاوەن 'مافی هیوا'، واتا دەرفەتی ئازادبوون و سەرلەنوێ پێداچوونەوە بە سزاکەیان بە شێوەیەکی مانادار هەبێت. دادپەروەری پێویستە بە مرۆیی بمێنێتەوە و زیندان هەرگیز دەرگای خۆی بە ڕووی گەڕانەوەی ڕۆژێک بۆ ناو کۆمەڵگە بە تەواوی دانەخات.

 

هەروەها باوەڕم وایە کە ئەزموونی ئێوە، بۆچوونتان و سەرکردایەتیتان -هەم بۆ ئێستا و هەم داهاتوو- لە بەرەوپێشبردنی گۆڕانی ماناداری کۆمەڵایەتیدا خاوەن ڕۆڵێکی گرنگە. لە شەڕ و پێکداداندا دیالۆگ هەمیشە مەرجە. پێویستە ئەو هەلومەرجە بڕەخسێنرێت کە ئێوە بتوانن هاوکارییەکی دروستکەری هەوڵە هەنووکەییەکان بۆ ئاشتی بکەن کە ئامانج لێی دامەزراندنی کۆمەڵگەی دیموکراتیکە.

 

هیوادارم ئەم ڕێسایە لە دۆسیەی ئێوەدا جددی ببینرێت. سیستەمی دادپەروەری هێزی خۆی تەنها لە ڕێی سزادان، لە هەمان کاتدا بە پێی کات بە دادپەروەری، مرۆیی و هاوسەنگی دەسەلمێنێت. فکرەکانی ئێوە لەسەر دیموکراسی، ژیانی پێکەوەیی، ئازادیی ژن و چارەسەریی ئاشتییانە هیوای بەخشیوە و زۆر کەسی زیاتر هانداوە کە بەشداری لەناو ژیانی جەماوەریدا بکات. دۆخی ئێوە لە دەرەوەی دیوارەکانی زیندانەوە دەنگدەداتەوە و گرنگیی سەروەریی یاسا و مافەکانی مرۆڤمان بیردەهێنێتەوە.

 

پار نزیکەی ٩٠ زانا کە خەڵاتی نۆبڵیان وەرگرتووە، بە مەبەستی پشتیوانی لە هەوڵەکانی ئێوە بۆ ئاشتی و داخوازیی بەجێهێنانی 'مافی هیوا' بۆ ئێوە، نامەیان بۆ ڕێکخراوەکانی ئەورووپا نووسی. هیوادارم داهاتووتان بە دادپەروەری، شکۆ و دەرفەتی نوێبووەوە دابمەزرێت.

 

لەگەڵ ڕێزدا،

جودی ویلیامس

خاوەنی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی."