بەردەوامی ڕاپەڕینی خوێندکاران لەگەڵ دەستپێکی شۆڕشی ژینا

ئەو خوێندکارانەی لە ڕیزی ڕاپەڕینی جەماوەری "ژن، ژیان، ئازادی" ناڕەزایەتی دەردەبڕن سەرەڕای فشارەکان، خەباتیان بە شێوازی جۆراوجۆر بەردەوامە.

عاتیفە مەعروفی

 

تاران- ئەو خوێندکارانەی پێشەنگی ڕاپەڕینی جەماوەری "ژن، ژیان، ئازادی" بوون و بە سوود وەرگرتن لە شێوازی جۆراوجۆر لە دژی ڕژێمی ئێران لە خەباتیان بەردەوامن، لە نێو زانکۆکانی ئێراندا زانکۆی عەلامە تەباتەبایی لە تاران هەمیشە شوێنی کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی خوێندکاران و لاوان بووە.

 

لە یەکەم ڕۆژەکانی دوای کوشتنی ژینا لە لایەن حکومەتەوە، خوێندکاران لە زانکۆکانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان ناڕەزایەتیان دەربڕی و ژمارەیەکی زۆریان ڕووبەڕووی شێوازی جۆراوجۆری دژبەری بوونەتەوە، لەوانە ڕاگرتن، دەرکردن و قەدەغەکردنی مانەوە لە بەشەناوخۆییەکان یان بێبەشبوون لە دامەزراوەی پەروەردەیی.

 

گفتوگۆیەکمان لەگەڵ چەند خوێندکارێکی ئەم زانکۆیە کردووە سەبارەت بە بارودۆخی مانگەکانی ڕابردوو و ئێستا.

 

فاتیمە "ناوی خوازراو"، یەکێک لە خوێندکارانی زانکۆی عەلامە تەباتەبای سەبارەت بە دۆخی کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی لەم زانکۆیە دەڵێت: " لەگەڵ دەستپێکی ساڵی خوێندن، لە هەمان کاتدا لەگەڵ کوشتنی ژینا ئەمینی، لە ڕۆژانی یەکەمدا بە نووسینی و وتنەوەی دروشمەکان دەستمان بە ناڕەزایەتییەکان کرد و هەماهەنگیەکی باش لەنێوان خوێندکاران هەبوو، من و چەند هاوژوورەکم شەوانە دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی"مان لەسەر قوماشێکی سپی بە ڕەنگی سوور دەنووسی،  ڕۆژی دواتر بەسەر قوتابیانی ئامادەبووی گردبوونەوەکەدا دابەشمان دەکرد، هەندێکی تریش کاغەزیان چاپ کرد و دروشمەکانیان لەسەر دەنووسی، لە ڕۆژانی یەکەمی گردبوونەوەکاندا زۆرینەی ژنانی گەنج ئامادەی ناڕەزایەتییەکان بوون، بەڵام زۆری نەخایاند هەموو خوێندکارەکان پەیوەست بوون بە ناڕەزایەتییەکان، چونکە حکومەت نەینتوانی هێزی سەربازی بهێننە ناو زانکۆ بۆ سەرکوتکردنی گردبوونەوەکان، بەسیجیەکان و سەربازە یەکپۆشەکان چوونە ناو کەمپی زانکۆ بۆ ئەوەی کۆبوونەوەکەمان پەکبخەن، بەڵام بە هاتنە ژوورەوەیان ئێمە دروشمەکانمان بە دەنگی بەرزتر دەوتەوە."

 

ئیلاها "ناوی خوازراو"، خوێندکاری زانکۆی عەلامە تەباتەبایی سەبارەت بە سەرکوتکردنی خوێندکاران و فشارەکانی  هێزە ئەمنییەکان دەڵێت: " دوای ئەوەی بۆ ماوەیەک گردبوونەوەکان بەردەوام بوون، هێزە ئەمنییەکان لیستی خوێندکارانیان لەبەردەستدا بوو و لیژنەی دیسپلینی زانکۆ ڕێگەیان نەدا ئەو خوێندکارانەی ناویان لەم لیستەدا بوو بچنە ناو زانکۆوە، هەروەها بۆ دەیان خوێندکار، فەرمانی دەرکردن، ڕاگرتن، قەدەغەکردنی چوونە ژوورەوە بۆ بەشەناوخۆیی و کەمپی زانکۆ دەرچووە، هەرچەندە دوای تانەدانی خوێندکاران بۆ بڕیارەکانی لیژنەی دیسپلین، بەشێک لەو بڕیارانە سووکتر بوون، بەڵام بە هاوکاری ئاسایشی زانکۆ و ڕادەستکردنی ناوەکان بە دامودەزگا ئەمنییەکان، فایل دروستکرا و کێشە بۆ بەشێک لە خوێندکاران دروست بوو، بەڵام ئەم بابەتە بە هیچ شێوەیەک کاریگەری لەسەر ڕۆحی شۆڕشگێڕی ئێمە نەبووە و هێشتا چاوەڕێی دەستپێکی نوێی گردبوونەوەکان دەکەین و دڵنیاین کە دەتوانین بە بەردەوامبوون بە ئامانجەکانمان بگەین."

 

مەهتاب "ناوی خوازراو"، خوێندکاری زانکۆی عەلامە تەباتەبایی، سەبارەت بە دۆخی ئێستای زانکۆکە وتی: " لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا خوێندکارانی فاکەڵتی ئاداب بەشدارییان لە گردبوونەوەیەکدا کرد، ئێستا هەموو ڕۆژێک کە دەمانەوێت بچینە ناو زانکۆ، هێزە ئەمنییەکان سەرەتا ڕەخنە لە جلەکانمان دەگرن و دواتر ناومان بەراورد دەکەن لەگەڵ ئەو لیستەی کە بەدەستیانەوەیە بۆ ئەوەی ڕێگەمان پێبدەن و دەربچین، بە پێچەوانەوە دەڵێن ڕێگەمان پێنادرێت تێپەڕین و دەبێت چاوەڕێ بکەین تا تەلەفۆن بۆ لیژنەی دیسپلین دەکەن بۆ بەدواداچوون بۆ ئەو کەیسەی بۆیان دروستکردووین، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا هێزە ئەمنییەکان لە ڕێگەی کامێراکانەوە ناسنامەی ئەو خوێندکارانەیان کە بێ حیجابی زۆرەملێ لەناو زانکۆکەن بۆ لیژنەی دیسپلین ناساندووە، تەنانەت بۆ ژمارەیەک خوێندکاریش بە بیانووی خواردن یان خواردنەوە لە مانگی ڕەمەزاندا لە ژینگەی زانکۆدا کێشەیان دروست کردووە، لە بەشەناوخۆییەکەدا ژمارەیەک ژوور بە بیانووی نووسینی دروشم یان لەبەر ئەوەی خوێندکار قەدەغەیە بچێتە ناو بەشەناوخۆییەکەوە مۆر کراون، بێگومان تا ئێستا لە بەشەناوخۆییەکان لە پەنجەرەی ژوورەکانەوە دروشم دەڵێینەوە و لە زۆربەی ژینگەکاندا دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" نووسراوە.