پڕۆژەی جیاواز و نوێ لەلایەن دەستەی ژنان بەڕێوەدەچێت

ئەنجوومەنی ژنانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا کە کار و چالاکییەکانی بۆ ژنان و منداڵان ئەنجامدەدەن بە سەرپەرشتی خۆبەڕێوەبەری کار لەسەر پڕۆژەی نوێ و جیاواز دەکات.

شیرین محەمەد

 

قامیشلۆ- لەگەڵ دامەزراندنی خۆبەڕێوەبەری لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، چەندین ئۆرگان پێکهێنران، یەکێک لەوانە ئۆرگانی ژنان بوو کە لە ساڵی ٢٠١٤ دەستیپێکرد، خەباتی ئەم ئۆرگانە لەدژی هەموو جۆرە توندوتیژییەک بەرامبەر بە ژنان، پاراستنی مافەکانیان و بەدیهێنانی دادپەروەری کۆمەڵایەتی لە هەموو بوارەکانی جیهان و چالاککردنی ڕۆڵیان لە سەرجەم بوارەکانی کۆمەڵگە.

 

هاوکات لە ڕێگەی پڕۆژەی تایبەتەوە پاڵپشتی داراییان پێشکەش بە ژنان کردووە، ئەنجوومەنی ژنانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا هەوڵدەدات لە ڕێگەی چەندین پڕۆژەی نوێوە ژنان لە توندوتیژی بپارێزێت، بۆ دەستەبەرکردنی ماف و دەستکەوتەکانیان لە شۆڕشی ڕۆژئاوا.

 

جێگری بەڕێوەبەری دەستەی ژنان ئەڤین قافۆر باسی لەو پڕۆژە نوێیانەی کرد کە بۆ ژنان و منداڵان دەستیان پێکردووە.

 

پاراستنی تەواوی ژیانی پەروەردەی ژنان

لەوبارەیەوە، ئەڤین قافۆر، جێگری بەڕێوەبەری دەستەی ژنان، ڕایگەیاند: " دوای دامەزراندنی خۆبەڕێوەبەری لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا لە ساڵی ٢٠١٤ دەستەی ژنان ڕاگەیەندرا و یەکەم هەنگاوەکانی خۆی لە پرۆژەکانی ژنان و منداڵان ڕێکخست، هەروەها بەشداری لە نووسینی یاساکانی ژناندا کردووە، کە ئێستا بە یاسای خێزانیی پێناسە دەکرێن، ڕۆڵی دەستەی ژنان لە پەروەردەکردنی ژناندا ڕوون بوو، دەستەی ژنان ئەرکی پەروەردەکردنی ژنانی لە ئەستۆ گرتووە بەتایبەتی ئەوانەی تووشی توندوتیژی بوون، هەروەها سەنتەری تایبەتیان بۆ پاراستنی ژنان کردووەتەوە، لە ساڵی ٢٠١٥دا تەنها یەک سەنتەری پاراستنی ژنان هەبووە، بەڵام لە ساڵی ٢٠٢٢دا ٤ سەنتەری دیکە لە کانتۆنی جزیرێ کرایەوە."

 

چەندین پڕۆژە ئامادەکراوە

لە کۆتایی قسەکانیدا ئەڤین قافۆر باسی لە پڕۆژەکانی بۆ ساڵی ٢٠٢٣ کرد و بەم شێوەیە درێژەیدا بە قسەکانی: " بۆ هۆشیاری شێرپەنجەی مەمک هەوڵ دەدەین بگەینە هەموو ژنان بەتایبەت ئەوانەی لە گوندە دوورەدەستەکان دەژین، هەروەها پڕۆژەی کلینیکی پزیشکی گەڕۆکمان هەیە بۆ هۆشیاری و چارەسەری پێویست، پڕۆژەی دووەم سەنتەری نەخۆشییە دەروونییەکانە بۆ ژنان و هاوکاریکردنیان، پڕۆژەی سێیەم بریتییە لە کردنەوەی کارگەیەکی پلاستیکی بۆ دابینکردنی هەلی کاری زیاتر بۆ ژنانی ناوخۆ، ئێمە بەردەوام دەبین و پڕۆژەکانمان فراوانتر دەکەین، هاوکات لەگەڵ کردنەوەی سەنتەری گەشەپێدانی منداڵان، لە ساڵی ٢٠١٥ ەوە ١٧ باخچەی ساوایان کراونەتەوە و ٥ باخچەی دیکە دەکرێنەوە."