هۆشداری لە ئاوارەبوونی زیاتر لە ٨٠٠ هەزار سۆماڵی بەهۆی لافاوەوە

ڕێکخراوی نێودەوڵەتی کۆچبەران هۆشداری دا لەوەی کە زیاتر لە ٨٠٠ هەزار کەس لە سۆماڵ لە ماوەی مانگەکانی داهاتوودا ناچار ببن لە ماڵ و حاڵی خۆیان ئاوارە ببن، ئەوەش بەهۆی ئەو لافاوانەی کە لە ئەنجامی دیاردەی کەشوهەوای "نینۆ" دروست دەبن.

ناوەندی هەواڵ

 

گۆڕانی کەشوهەوا لەگەڵ چڕبوونەوەی دیاردەی جیهانی ”نینۆ” خێراتر دەبێت، کە دەبێتە هۆی لافاوێکی وێرانکەر کە بەسەر ناوچە فراوانەکاندا دەگرێتەوە و زیانێکی زۆری مرۆیی و ماددی لێدەکەوێتەوە، ئەمەش ژێرخانی نێودەوڵەتی دەخاتە تاقیکردنەوەیەکی ڕاستەقینە لە ئامادەکاری بۆ کارەساتەکان.

 

خەمڵاندنە نوێیەکان کە بە هاوبەشی لەلایەن ڕێکخراوی نێودەوڵەتی کۆچبەران و ئەنجومەنی پەنابەرانی دانیمارکەوە لە  ٢٢ی تشرینی یەکەم بڵاوکراونەتەوە، ئاماژە بەوە دەکەن، کە نزیکەی ٨٧٤ هەزار و ٣١٩ کەس لە نێوان مانگەکانی تشرینی یەکەم و کانوونی دووەمدا دەکرێت ئاوارە ببن.

 

بەپێی داتاکان، لافاو بەرپرسە لە ٩٢٪ی ئاوارەبوونی چاوەڕوانکراو، لەگەڵ ئاماژەکان بۆ بارانبارینی سەرووی مامناوەند، دۆخەکە ئەگەری زۆرە بە شێوەیەکی بەرچاو خراپتر بێت بەهۆی توندبوونەوەی دیاردەی کەشوهەوای ”نینۆ”.

 

سەرۆکی نوێنەرایەتی ڕێکخراوی نێودەوڵەتی کۆچبەران لە سۆماڵ هۆشداری دا لە قەیرانی مرۆیی کە لە ئارادایە و وتی: لەبەرامبەر ئاسۆی لەدەستدانی سەدان هەزار کەسداین کە تەنها لە ماوەی چەند هەفتەیەکدا ماڵ و حاڵی خۆیان لەدەست بدەن، نیگەرانی خۆی لە قووڵایی کارەساتەکە و دۆخی لاوازی ئەو کەسانەی زیانیان بەرکەوتووە دەربڕی.

 

 

جەختیشی لەوە کردەوە، کە زۆرێک لەو خێزانانە پێشتر ئاوارە بوون و زۆر کەمیان ماوە بۆ ئەوەی پشتیان پێ ببەستن، هێشتا کات ماوە بۆ کەمکردنەوەی کاریگەرییەکان، بەڵام هۆشداریدا لەوەی کە ئەم دەرفەتە دەستی بە کەمبوونەوە کردووە بەهۆی سنوورداربوونی سەرچاوە بۆ پێشکەشکردنی هاوکاری.

 

هەروەها ئاماژەکانی لافاو دەستیان بە دەرکەوتن کردووە، ڕووبارەکان لە ئاستی لافاو نزیکبوونەتەوە و ئاو گەیشتۆتە کەنارەکانیان، بەهۆی بارانبارینی زۆرەوە بەشێک لە ماڵەکان زیانیان بەرکەوتووە و نیگەرانی ئەوەش هەبووە کە لافاوەکە بەرهەمەکان لەناوببات و سەرچاوەکانی ئاوی پیسکردووە، هەروەها دەستڕاگەیشتن بە خزمەتگوزارییە پێویستەکان دەبڕێت.

 

ئاژانسی کەشناسی نەتەوە یەکگرتووەکان دوێنێ دووپاتیکردەوە، کە دیاردەی ئێستای ”نینۆ” لە چڕییەکەیدا دەکرێت بێ وێنە بێت، هاوکات نووسینگەی هەماهەنگی کاروباری مرۆیی نەتەوە یەکگرتووەکان (OCHA) ئاماژەی بەوەدا کە سۆماڵ و ئەسیوپیا و کینیا پێویستیان بە پێداویستییە لە دوو هەفتەی داهاتوودا پێش ئەوەی بارانێکی بەخوڕ بگات.