زیندانی ئەڤین، ڕێگری لە پەخشان عەزیزی دەکرێت سەردانی پزیشک بکات

پەخشان عەزیزی، زیندانی سیاسی کورد، سەرەڕای خراپبوونی بارودۆخی جەستەیی، لایەنە ئەمنییەکان ڕێگرییان لێکردووە سەردانیکردنی پزیشک بکات.

ناوەندی هەواڵ

 

دوێنێ، ٢٣ی ئەیلوول، لە هەژماری تایبەتی پەخشان عەزیزی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئینستاگرام بڵاوکرایەوە، کە بەرپرسانی ئەمنی زیندانی ئەڤین ڕێگرییان لە پەخشان عەزیزی کردووە سەردانی پزیشکی پسپۆڕ بکات.

 

هەژماری تایبەتی پەخشان عەزیزی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئینستاگرام نووسیویەتی: "کەمپینی ئازادی پەخشان عەزیزی ئاگادارکراونەتەوە، بەرپرسانی ئەمنی زیندانی ئەڤین، سەرەڕای ئەوەی کە پەخشان عەزیزی زۆر پێویستی بە پشکنینی پزیشکی پسپۆڕ هەیە، ڕێگرییان لێ کردووە سەردانی پزیشک بکات".

 

هەروەها نووسیویەتی: "پەخشان عەزیزی بەدەست سەرئێشەی توندەو دەناڵێنێت و پێشتر بنەماڵەی ئەم زیندانییە سیاسییە هەموو خەرجییەکانی پشکنینە تایبەتمەندەکانییان قبوڵ کردووە و خەرجیان کردووە، لەگەڵ ئەوەشدا تا ئێستا ڕێگری لە ناردنی بۆ لای پزیشک دەکەن".

 

جێی ئاماژەیە، پەخشان عەزیزی، چالاکوانی مافی ژنان، هاوڵاتییەکی کوردی خەڵکی شاری مهابادە و دەرچووی کاری کۆمەڵایەتی لە زانکۆی عەلامە تەباتەبایی لە تاران و زیندانی سیاسییە لە زیندانی ئەڤین، لە ڕێکەوتی ٤ ئابی ٢٠٢٣ لە لایەن هێزە ئەمنییەکان لە تاران دەستبەسەر کرا و گواسترایەوە بۆ بەندی ٢٠٩ی زیندانی ئەڤین، بۆ ماوەیەکی زۆر لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر و ئەگەری چاوپێکەوتن لەگەڵ خێزانەکەی بێبەش کرا و دواجار دوای ٤ مانگ لێپرسینەوە، بە تۆمەتی "یاخییبوون و ئەندامێتی لە گروپەکانی دژبەری ڕژێم" گواسترایەوە بۆ بەشی ژنانی ئەم زیندانە.

 

ئەمە لە کاتێکدایە کە زیندانیانی دیکەش وەک سەرڤناز ئەحمەدی، چالاکوانی مافی مرۆڤ، یارمەتیدەری کۆمەڵایەتی و زیندانی سیاسی زیندانی ئەڤین، کە ١٦ مانگە لە زیندان دایە، بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بە شێوازی چارەسەری پزیشکی و ڕێگریکردن لە ناردنی بۆ مۆڵەتی پزیشکی، دەستی بە مانگرتنی پزیشکی کردووە.

 

هەر دوێنێ، سودابە بەلالی دایکی سەرڤناز ئەحمەدی لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئینستاگرام ڕایگەیاندووە، کە ڕەوشی کچەکەی ناجێگیرە و سەرەڕای باری جەستەیی و دەروونی، بەرپرسانی زیندان هێشتا ڕێگری دەکەن لە ڕەوانەکردنی سەرڤناز ئەحمەدی بۆ مۆڵەت.