وڵاتانی هەژارنشیین کار بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی زیانەکانی کەشوهەوا دەکەن

کۆمەڵێک وڵاتی هەژارنشیین و دوورگەیی کار لەسەر گەشەپێدانی پاڵپشتی دارایی و بەکارهێنانی دەکەن بۆ یارمەتیدانی ئەو کۆمەڵگەیانەی کە بەهۆی کەشوهەواوە ڕووبەڕووی زیان و قەیران بوونەتەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

وڵاتانی هەژارنشیین و لاواز لە ڕووبەڕووبوونەوەی زیانەکانی گۆڕانی کەشوهەوا لە ئێستادا پلانیان هەیە سندوقی هاوکاری نیشتمانی دابنێن بۆ پاڵپشتی لە ڕووبەڕووبوونەوەی زیانەکانی ژینگە و دابینکردنی هاوکاری بۆ ئەو وڵات و ناوچانەی کە پێویستیان پێی هەیە، کە ئامانجیانیەوەیە داهات و پارە لە سەرچاوە جیاوازەکانەوە کۆبکەنەوە لەوانە حکومەتە دەوڵەمەندەکان، بازرگانەکان و پاشان تەرخانی بکەن بۆ وڵاتان و ناوچە هەژارنشیینەکان.

 

یەکێک لە ڕێگا سەرەکییەکان بۆ کەمکردنەوەی زیانەکان لەو شوێنانەی کە تووشی لافاو یان زریان دەبن، بەهێزکردنی سیستەمی ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە و دابینکردنی بودجەی پێشوەختەیە بۆ ئەوەی خەڵکی ناوچەکە بتوانن ڕێوشوێن بگرنەبەر بۆ پاراستنی خۆیان پێش ڕوودانی کارەساتە سرووشتییەکانی وەک لافاو و وشەکەساڵی.

 

ئەو زیانانەی لە ئەنجامی ڕوودانی کارەساتە سرووشتییەکانەوە دروستدەبێت تەنها بۆ ماڵ و بیناکانی نیشتەجێبوون نیە، بەڵکو لە کاتی بەرزبوونەوەی ئاستی دەریا ئاوارەبوونی زۆرەملێ دروستدەکات کە خەڵکی ناچاردەبن شوێنی نیشتەجێبوونیان بەجێبهێڵن، هەروەها لەدەستدانی میراتی کولتووری و بژێوی ژیانیش دەگرێتەوە.

 

لەم هەفەتەیەدا کۆمەڵێک لە وڵاتانی هەژارنشیین لەگەڵ ناوچە دوورگەییەکان کۆبوونەوە و یەکیان گرت بۆ کۆکردنەوەی داهات و بودجەی تایبەت بۆ پاڵپشتیکردن و قەرەبووکرنەوەی ئەو زیانانەی لە ئەنجامی گۆڕانە ژینگەییەکانەوە دروست دەبێت.

 

ئەو ٦ وڵاتەی کە بەشداری یەکەم دەستپێشخەریان کردووە بریتین لە بەنگلادیش، نیپاڵ، سەنیگال، مالاوی، ترینیداد و تۆباگۆ، و ڤانواتو، ئەو وڵاتانەی هێڵی پێشەوە مەترسییەکانی کەشوهەوا هەڵدەسەنگێنن کە ڕووبەڕوویان دەبێتەوە، هەڵسەنگاندنی دۆخەکە دەکەن کە چۆن پشتگیری لەو کۆمەڵگە و هاوڵاتییانە بکەن کە زیانەکانی کەشوهەوا کاریگەری دەکاتە سەر ژیانیان، لە سەرەتای ئەم مانگە ویلایەتی دوورگەیی زەریای هێمن لە ڤانواتو لە ماوەی چەند ڕۆژێکدا ڕووبەڕووی زریان بووەتەوە.

 

ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس، سەرۆکی نەتەوە یەکگرتووەکان لە کۆتایی مانگی شوباتدا بە ئەنجومەنی مافی مرۆڤی ڕاگەیاندووە، نزیکەی نیوەی دانیشتوانی جیهان کە دەکاتە نزیکەی ٣.٥ ملیار کەس لە کەشوهەوا گەرمەکانی جیهان دەژین، کە ئەم ناوچە فراوانانە بە خێرایی دەبنە شوێنی ڕوودانی کارەساتە مرۆییەکان کە لافاو و وشکەساڵی و زریان دەگرێتەوە ئەمەش بەو مانایە دێت کە خەڵک ١٥ هێندە زیاتر ئەگەری مردنیان هەیە بەهۆی کاریگەرییەکانی کەشوهەوا.

 

بەپێی توێژینەوەیەکی ساڵی ٢٠٢١، خێزانە گوندنشینەکانی بەنگلادیش ساڵانە نزیکەی دوو ملیار دۆلار خەرج دەکەن بۆ ڕێگریکردن و چاککردنەوەی زیانەکانی کەشوهەوا، لە ئێستادا وڵاتانی جیهان هەوڵەکانیان چڕکردووەتەوە بۆ کەمکردنەوە و وەڵامدانەوەی کارەساتەکان و فراوانکردنی تۆڕەکانی سەلامەتی کۆمەڵایەتی کە بەشێکیان دەتوانن قەرەبووی زیانەکانی پەیوەست بە کەشوهەوا بکەنەوە.

 

هەندێک لە وڵاتانی وەک کەنەدا و نیوزلەندا، ڕێککەوتوون لەسەر دابینکردنی بودجە بۆ وڵاتانی هەژارنشیین بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی زیانەکانی کەشوهەوا، هەرچەندە تا ئێست ئەو بەڵێنانە بە کۆی گشتی تەنها نزیکەی ٢٧٥ ملیۆن دۆلارە.