سپێدە قالیان بۆ بەندی ٢٠٩ گواسترایەوە

سپێدە قالیان لە پەیوەندییەکی کورتی تەلەفۆنیدا دوای ئەوەی شەوی ڕابردوو ڕفێندرا خێزانەکەی ئاگادار کردوەتەوە کە بۆ بەندی ٢٠٩ی زیندانی ئەڤین گواستراوەتەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

ئەمڕۆ پێنجشەممە، سپێدە قالیان لە پەیوەندییەکی کورتی تەلەفۆنی بنەماڵەکەی ئاگادارکردەوە کە هێزە ئەمنییەکان دوای ئەوەی شەوی ڕابردوو پاش چەند کاتژمێرێک لە ئازادکردنی لە ڕێگای تارانەوە بەرەو دێزفول ڕفاندیان و بۆ بەندی ٢٠٩  لە زیندانی ئەڤین گواستراوەتەوە.

 

ئەمشەو سپێدە قالیان چالاکوانی مەدەنی و زیندانی سیاسی لە پەیوەندییەکی کورتی تەلەفۆنیدا بنەماڵەکەی ئاگادار کردەوە کە دوای ڕفاندنی شەوی ڕابردوو، هێزە ئەمنییەکان گواستوویانەتەوە بۆ بەندی ٢٠٩ی زیندانی ئەڤین.

 

دووبارە دەستبەسەرکردنەوەی سپێدە قالیان تەنیا چەند کاتژمێرێک دوای ئازادبوونی ڕۆژی پێشوو و لە ڕێگای گەڕانەوە بۆ شوێنی نیشتەجێبوونی بنەماڵەکەی لە دێزفول ڕوویدا.

 

سپێدە قالیان چالاکوانی مەدەنی کە دوای ٤ ساڵ و ٧ مانگ زیندانی ئازاد کرا، لە کاتی ئازادکردنیدا، دوێنێ گرتەیەکی ڤیدیۆیی بڵاوکرایەوە، کە تێیدا هاوار دەکات "خامنەی زوحاک ئەتکێشینە ژێری خاک" و لە هەژماری تایبەتی خۆی لە ئینستاگرام نووسیویەتی، "ئەمجارە بە هیوای ئازادی ئێران هاتمە دەرەوە! بە هیوای ئازادکردنی ئازیزانم، سێپیدە کاشانی، نیلوفەر بەیانی، زەهرا زەهتابچی، بەهارە هیدایەت، گۆڵڕۆخ ئیرایی، ناهید تەقوا و هەموو زیندانیانی سیاسی، بەتایبەتی ژنان."