هەولێر، هەوڵدەدرێت بڕیاری ١٣٢٥ی ئاشتی و ئاسایشی ژنان جێبەجێبکرێت

ئەنجومەنی باڵای خانمان و نەتەوەیەکگرتووەکان کۆبوونەوە بۆ گفتوگۆ کردن لەسەر جێبەجێکردنی یاسای ١٣٢٥ی ڕێککەوتنی، ژنان، ئاشتی و ئاسایش.

هەولێر

 

دوێنێ، ١٩ی حوزەیران، هاوکات لەگەڵ ڕۆژی جیهانی نەهێشتنی توندوتیژی سێکسی لە ململانێدا لە هەولێری باشووری كوردستان، ئەنجوومەنى باڵاى خانمانى کوردستان و ڕێکخراوى نەتەوەیەکگرتووەکان تایبەت بە بڕیارى ١٣٢٥ى ڕێککەوتنامەکانى ژنان، ئاشتی و ئاسایش كۆبوونەوە.

 

دیاردەی دەستدرێژی کردنە سەر ژنان، لەگەڵ ئەوەی لە کاتی جەنگەکاندا هەڵدەکشێت، لە مێژووشدا جەستەی ژنان بووەتە مەیدانی ململانێی هێزە نەیارەکان و سەرەڕای دڕندەیی و کاری نامرۆڤانە بەرامبەر بە هەموو دانیشتووان، بەتایبەتی لەشی ژنان کراوەتە ئامانج، بە مەبەستی سووکایەتیکردن بە نەتەوەیەك.

 

شۆخان حسێن، پارێزەر و چالاكوانی مەدەنی، بۆ ئاژانسی نوژنها دوا و وتی: ئێمە ئەمڕۆ پلانی ١٣٢٥مان ڕاگەیاند بە تایبەت لەسەر تەوەری پاراستنی ژنانی پەنابەر و ئەوانەی لە كەمپەكاندا دەژین تا ژیانیان پارێزراوبێت، چونكە ئەمڕۆ ڕۆژی جیهانی نەهێشتنی دەستدرێژییە لە كاتی جەنگ و ناكۆكیدا، ئێمەش ئامانجمان ئەوەیە ژنان لە باشووری كوردستاندا ژیانیان پارێزراو بێت، هەروەها بۆردێكی تایبەتیمان هەیە بە سەرپەرشتی، وەزیری ناوخۆ تا ئەو پڕۆژە و چالاكیەی هەمانە بیخەینە بواری جێبەجێكردنەوە.

 

پەروین حەسەن، ئەندامی ئەنجومەنی باڵای خانمان، بە نوژنهای ڕاگەیاند: ئێمە وەك ئەنجومەنی  باڵای خانمان لە ڕۆژی بەرەنگاربوونەوەی دەستدرێژی سێكسی بۆ سەر ژنان كار لەسەر ئەوە دەكەیەن كە ژنان ئاشتی و ئاسایشیان بۆ بڕەخسێت.

 

دەستدرێژی سێکسی لە هەر کات و شوێنێکدا بێت، کارەساتێکی گەورەیە. ئەم کردەیە بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان و مافی مرۆڤ بە تاوانی جەنگ هەژماردەکرێت و بە مەبەست ئامانجگرتنی ژنان و ژنانی گەنجی نەتەوەیەک، ئاینێک، یان تاقمێکی کۆمەڵایەتی دەچێتە خانەی جینۆسایدەوە.