هەڵەبجە، ژنان یاسای توندوتیژی خێزانی تاوتوێ دەکەن

لە سیمینارێکدا یاسای توندوتیژی خێزانی باسی لێوەکرا و بە گرنگ دانرا کە یاساکە هەمواربکرێتەوە.

هەڵەبجە

 

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ لە بینای یەکێتی ژنانی کوردستان لە هەڵەبجە، لقی شارەزووری یەکێتییەکە بە دروشمی "ژن، خەبات، ژیان" سیمینارێکیان بە ناوی یاسای توندوتیژی خێزانی ڕێکخست، تێیدا گفتوگۆ لەسەر کەموکورتی یاساکە و قورسکردنی سزاکانی کرا.

 

گوڵان بەختیار، پارێزەر لە یەکێتی ژنانی کوردستان، بۆ نوژنها دوا و وتی:  سیمینارەکەمان تایبەت بوو بەو یاسایانەی کە بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنانە و کارمان پێکردووە، هەوڵمان داوە هۆشیاری دەربارەی یاساکان بڵاوبکەینەوە.

 

گوڵان سەبارەت بە ڕێژەی توندوتیژییەکان باسی لەوەکرد کە ڕۆژ بەڕۆژ توندوتیژی لە زیادبووندایە بە تایبەت لە هەرێمی کوردستان و عێراق، "ئێستا جۆری توندوتیژییەکان گۆڕانکاری بەخۆیەوە بینیوە، بەهۆی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە توندوتیژی زیادیکردووە.

 

شارا عەبدول کەریم، لێپرسراوی یەکێتی ژنانی کوردستان لقی شارەزوور، بە گرنگیزانی کار و چالاکییەکان چڕ بکەنەوە لەسەر توندوتیژی خێزانی، وتیشی: سیمیناری ئەمڕۆمان زیاتر وەرگرتنی پیشنیارە لە ئامادەبووان بۆ ئەوەی هەوڵەکان بخەینەگەڕ تا بتوانین لە ساڵانی داهاتوودا توندوتیژییەکان کەم بکەینەوە.

 

لە چالاکییەکەدا گفتوگۆ لەسەر ئەوەکرا کە پێویستە سزاکانی یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی خیزانی توندوتر بکرێت و دەرفەتی هەڵهاتن لە سزا دابخرێت، ئەم چالاکییەش لە چوارچێوەی هەڵمەتی ١٦ ڕۆژەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ژنان بوو.

 

ت.پ