هاوسەرۆکی شارەوانی تیتوان: ژنوار نموونەی ئازادی و یەکڕیزی ژنانە
بەلقیزا بێشتاش ئەپۆزدەمیر، هاوسەرۆکی شارەوانی تیتوانی لە سەردانەکەیدا بۆ ژنوار ئاماژەی بەوەدا، کە ژنوار بە پڕۆژە تایبەتەکەی بووەتە نموونە بۆ ژنان لە سەرانسەری جیهان.
نەغەم چاچان
قامیشلۆ – گوندی ژإنوار نموونەی بونیادنانی ژیانێکی ئازادە بۆ ژنان، ژنوار سەرنجی شاندێکی ژنانی ڕاکێشا کە ڕۆژی ٧ی تشرینی یەکەم لە باکووری کوردستانەوە هاتبوونە ڕۆژئاوای کوردستان، هەر بۆیە ئەم شاندە کە لە پینج ژن پێکهاتبوو سەردانی ژنواریان کرد، ئەم سەردانە گرنگییەکی تایبەتی هەبوو لە چوارچێوەی ناساندنی ئەزموون و دەستکەوتەکانی ژنان.
هەروەها لەگەڵ شاندەکەدا سەردانی گوندی ژنوارمان کرد و بە هاوێنەی کامێراکەمان بەدواداچوونمان بۆ گەشتەکەیان کرد لە گوندەکەدا، لە چوارچێوەی ئەم سەردانەدا، بەلقیزا بێشتاش ئەپۆزدەمیر، هاوسەرۆکی شارەوانی تیتوان باسی لە گرنگی هەبوونی گوندێکی تایبەت بۆ ژنان لە بونیادنانی ژیانێکی ئازاد و سەربەخۆدا کرد.
"ژنان بە دەستی خۆیان ئابووری خۆیان بونیاد دەنێن"
بەلقیزا بێشتاش ئەپۆزدەمیر هەستی خۆی سەبارەت بە سەردانەکەی بۆ گوندی ژنوار دەربڕی وتی: ئەمە یەکەمجارە سەردانی ڕۆژئاوای کوردستان دەکەم و لەم سەردانەدا هاتوومەتە گوندی ژیوار، هەستەکانم زۆر وروژێنەرە، زۆرێک لەو ژنانەی کە پێشتر لەژێر زوڵم و توندوتیژیی پیاوسالاریدا دەژیان، هاتوونەتە ژنوار بۆ ئەوەی ژیانێکی ئازاد بژین، ژنوار گوندێکی بە کەرامەتەو گومانی تێدا نییە کە ژنان پێویستیان بە گوندێکی ئاوا هەیە، سەرنجڕاکێشترین شت بۆ من ئەوەیە کە ژنان بە دەستی خۆیان ئابووری خۆیان بونیاد دەنێن.
"هەموو لایەنێکی ئەم گوندە بە دەست و ماندووبوونی ژنان بونیاد نراوە"
بەلقیزا بێشتاش ئەپۆزدەمیر ڕایگەیاند، کە پڕۆژەی گوندی ژنوار دەسەڵاتی پێبەخشیوە و وتی: کاتێک دەچیتە ناو ئەم گوندە، یەکسەر هەست دەکەیت کە ژنان لێرە دەژین، چونکە بە دەستی خۆیان گوندەکەیان دروستکردووە، هەموو لایەنەکانی ئەم گوندە بە دەست و ماندووبوونی ژنان بونیاد نراوە، ئەمەش بەڕاستی بەهێزی کردووم، چونکە ئەوە نیشان دەدات کە ژنان دەتوانن ژیانێکی ئازاد و سەرکەوتوو بونیاد بنێن، ژنواریش ئەو نموونەیە.
"دەتوانرێت یەکێتییەک لە نێوان ژنانی ئێرە و ئەوانەی لە شوێنەکانی تردا بونیاد بنرێت"
بەلقیزا بێشتاش ئەپۆزدەمیر جەختی لەوە کردەوە، کە ژنانی گوندی ژنوار پێویستیان بە پەرەپێدانی زیاتر و فراوانکردنی پڕۆژەکانیان هەیە و وتی: بە کار و بەهێزی ژنان، دەتوانرێت یەکێتییەک لە نێوان ژنانی ژنوار و ژنانی ناوچەکانی دیکەی جیهان دروست بکرێت، بە بۆچوونی من ژنان پێویستیان بە بەهێزکردنی زیاتریان هەیە لە بواری کشتوکاڵ و هەموو ئەو پڕۆژانەی کە لە ژنوار ئەنجامی دەدەن، ئەمەش کاریگەری ژنوار لەسەر ژنان لە سەرانسەری جیهان زیاد دەکات و دەبێتە هۆی ئەوەی ژنان لە هەموو وڵاتێکدا بتوانن گوندێکی وەک ژنوار دروست بکەن.
"هەوڵ دەدەین گوندێکی وەک ژنوار لە باکووری کوردستان دروست بکەین"
بەلقیزا بێشتاش ئەپۆزدەمیر ئاماژەی بەوەدا، ئەوەی لە ژنوار سەرنجی ڕاکێشا، ژیان بەپێی سروشتی ژن بووە و وتی: سەرنجڕاکێشترین شت بۆ من لە ژنواردا ژیانە بەپێی سروشتی ژنان، هەر لە دروستکردنی خانووەوە تا هەموو لایەنەکانی ژیانی ئەم گوندە، هەموو شتێک بە دەست و ماندووبوونی ژنان دروست بووە، ئەمەش یادەوەرییەکانی منداڵیمی بۆ هێنامەوە، هەوڵ دەدەین گوندێکی وەک ژنوار لە باکووری کوردستان دروست بکەین.
"ژنوار بووەتە نموونەیەکی گرنگ لە هەموو جیهاندا"
بەلقیزا بێشتاش ئەپۆزدەمیر ڕایگەیاند، کە گوندی ژنوار بە پڕۆژە تایبەتەکەی سەرنجی زۆرێک لە ژنانی جیهانی ڕاکێشاوە و وتی: گوندی ژنوار بووەتە نموونەیەکی گرنگ لە هەموو جیهاندا، ئێمە هەمیشە پرسیارمان کردووە کە ئایا ڕۆژێک دەتوانین بێینە ئەم گوندە و لە نزیکەوە ببینین کە ژنان چۆن بە دەست و ماندووبوونی خۆیان ژیانێکی ئازاد بونیاد دەنێن.
"هێزمان لە یەکڕیزیماندایە"
بەلقیزا بێشتاش ئەپۆزدەمیر جەختی لەوە کردەوە، کە یەکێک لە گەورەترین خەباتەکان خەباتی ژنانی کوردە و لە کۆتایی قسەکانیدا داوای لە ژنان کرد پێکەوە خەبات بکەن بۆ ئازادی و مافەکانیان و وتی: پێویستە پێکەوە خەبات بکەین بۆ ئازادی و مافەکانی ژنان، تەنها بە یەکڕیزیمان وەک ژن هێزمان بەهێزتر دەبێت، ئەگەر یەکگرتوو نەبین و پێکەوە خەبات نەکەین، عەقڵیەتی پیاوسالاری دابەشمان دەکات و هێزمان لاواز دەکات.