ئاوارەکان لە زێدی خۆیان شوێنی نیشتەجێبوونیان نییە
ئەندامێکی لیژنەی کۆچ و کۆچبەران لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، چارەسەرکردنی دۆسیەی ئاوارەکان پێویستی بە تەرخانکردنە زۆری دارایی هەیە، بەهۆی ئەوەی ٧٥٪ـی ئاوارەکان خانوویان نییە.
ناوەندی هەواڵ
لە ساڵی ٢٠١٤ـوە بەهۆی شەڕی چەتەکانى داعشەوە سەدان هەزار کەس لە ناوچەکانى عێراق ڕوویان لە هەرێمی کوردستان کرد و لە ژمارەیەک کامپدا جێگیر کران، دواتر حکومەتى عێراق بڕیاریدا هاوکاری ئاوارەکان بکات بیان گەڕێنێتەوە زێدی خۆیان، بەڵام لە ئێستدا ئاوارەکان کێشەی نەبوونی خانوویان هەیە.
ئەندامێکی لیژنەی کۆچ و کۆچبەران لە پەرلەمانی عێراق، لەبارەی تەرخانکردنی پارەی پێویست بۆ گەڕانەوانەی ئاوارەکان لە بودجەی ئەمساڵ، بۆ میدیا عێراقییەکان ئاماژەی بەوەکرد، چارەسەرکردنی دۆسیەی ئاوارەکان پێویستی بە تەرخانکردنە زۆری داراییانە هەیە، بۆ جێبەجێکردنی بەرنامەی گەڕانەوەی ئاوارەکان.
وتیشی: هیوادارین لە خشتەکانی بودجەی ساڵی ٢٠٢٤ کە لەلایەن حکومەتەوە بۆ پەرلەمان نێردراوە، ئەمە بخرێنە نێو خشتەکان و دارایی پێویست بۆ ناوچەکانیان تەرخان بکرێت.
باسی لەوەشکرد، تائێستا ١٠٠ هەزار ئاوارە قەرەبوو نەکراوەتەوە، لە کاتی کۆبوونەوەیان لەگەڵ ئاوارەکان بۆیان دەرکەوت کە ٧٥٪ـیان تا ئێستا خانوویان نییە.