ژمارەی کوژراوانی غەززە بەردەوام لە هەڵکشاندایە

ژمارەی کوژراوانی کەرتی غەززە بەهۆی بۆردوومانە بەردەوامەکانی سوپای ئیسرائیلەوە بەردەوام لە هەڵکشاندایە و بەهۆیەوە ٣٢ هەزار و ٥٥٢ هاوڵاتیی لە غەززە كوژراون.

ناوەندی هەواڵ

 

وەزارەتی تەندرووستیی غەززە و وەزارەتی تەندرووستیی ئیسرائیل، لە بارەی ژمارەی كوژراو و بریندارەكانی جەنگی نێوانیانەوە، لە دوو ڕاگەیاندراوی جیاوازدا زانیارییان بڵاوكردەوە.

 

لە ڕاگەیاندراوەكەی وەزارەتی تەندرووستیی غەززە هاتووە، بەهۆی بۆردوومانەكانی ئیسرائیلەوە تا ئێستا ٣٢ هەزار و ٥٥٢ هاوڵاتیی لە غەززە كوژراون، هەروەها ژمارەی بریندارەكانیش گەیشتووەتە ٧٤ هەزار و ٩٨٠ كەس.

 

ئاماژە بەوەكراوە، بەهۆی شەڕ و پێكدادان و بۆردوومانەكانی سوپای ئیسرائیل، لە ماوەی ٢٤ كاتژمێری ڕابردوودا ٦٢ كەس لە غەززە كوژراون و ٩١ـی دیكەش بریندار بوون.

 

ئەوەش خراوەتەڕوو، ١٧٤ ڕۆژە هێرش و بۆردوومانەكانی ئیسرائیل بۆ سەر غەزە بەردەوامە، هەروەها ١٠ هەزار نەخۆشی شێرپەنجە هەیە، بەبێ چارەسەر ماونەتەوە، نزیكەی ٣٥٠ هەزار هاوڵاتیی نەخۆش لە غەزە بەبێ چارەسەرن، وەزارەتی تەندرووستیی ئیسرائیلیش بڵاوی كردووەتەوە ژمارەی كوژراوانی وڵاتەكەیان بەهۆی هێرشەكانی حەماسەوە گەیشتووەتە هەزار و ٤٠٠ كەس، نزیكەی پێنج هەزاری دیكەش برینداربوون.