گەرمیان، ڕژاک بە گوڵ پیرۆزبایی تێکۆشانی ژنان دەکات
ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان-ڕژاک بە بۆنەی هاتنی ٨ی ئادار، ڕۆژی جیهانی تێکۆشانی ژنان، لە گەرمیان گوڵی بەسەر ژناندا بەخشییەوە.

ناوەندی هەواڵ
ئێوارەی دوێنێ، ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان-ڕژاک لە گەرمیان بە بۆنەی نزیکبوونەوەی لە ٨ی ئادار هەفتە چالاکییەکانیان ڕاگەیاند و لە یەکەم چالاکیشدا گوڵیان بەسەر ژنانی ڕەنجکێش لە شوێنی کارەکانیان بەخشییەوە و پیرۆزبایی ڕۆژی جیهانی تێکۆشانی ژنانیان کرد.
سەرەتای چالاکییەکە لە گوندی گاکوڵ لە سنوری گەرمیان ئەندامانی ڕژاک خوێندنگە و ماڵەکانیان بەسەرکردەوە.
دواتر لە بازاڕی شارۆچکەی کەلاری ناوەندی ئیدارەی گەرمیان پیرۆزباییان لە ژنان کرد و بەو بۆنەیەوە گوڵیان پێشکەشکردن، هەروەها لەبارەی مێژووی ٨ی ئادار و تێکۆشانی ژنان بۆ ژنانیان ڕووندەکردەوە و بڵاوکراوەیان بەخشییەوە.
چالاکییەکانی ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان، لە ماوەی داهاتوودا لە شار و شارۆچکەکانی باشوری کوردستان بەردەوام دەبێت و بڕیارە ئەمڕۆ لە پارکی هەواری شاری سلێمانی، چالاکی چاندنی نەمام بەڕێوەبچێت.
ت.پ