بەرهەمی زستانە سەرباری سەختییەکەی سەرچاوەی بژێوی ژیانی ژنانە

ئیدلب یەکێکە لە ناوچە کشتوکاڵییە گرنگەکانی سووریا و کشتوکاڵ سەرچاوەی بژێوی زۆرینەی خەڵک پێکدەهێنێت، ژنانی ئاوارە و ژنانی کرێکاریش سەرەڕای سەختییەکان بژێوی ژیانیان لەوێدا بەدەستدەهێنن.

هەدیل عومەر

 

ئیدلب- بارودۆخی سەختی کامپەکانی باکووری سووریا و هەژاری و گرانی نرخەکان و نەبوونی سەرچاوەی داهات وایکردووە زۆرێک لە هاوڵاتیان بەدوای هەلی کاردا بگەڕێن کە یارمەتیان بدات بۆ باشترکردنی بارودۆخی ژیانیان، بۆ ئەمەش ڕوو کردنە کشتوکاڵی زستانە، ڕێگەیەکە بۆ بەدەستهێنانی بژێوی بۆ هاوڵاتیان و بە تایبەت ژنان، تا خۆیان و خێزانەکەیان بەڕێوەببەن.

 

جاهیدە بەکری ٢٦ ساڵ بە درێژایی سنووری تورکیا و سووریا لەگەڵ ژنانی تردا کاردەکات بۆ چاندنی پەتاتە و ترێ و فستق، سەرەڕای سەختی کارەکە، تێچووی زۆری ژیان و دۆخی ئاوارەیی ژیانی قورستر کردووە، بەتایبەت لە وەرزی زستاندا، کە لەگەڵ باران و زریاندا هەلی کار کەمدەبێتەوە.

 

جاهیدە بەکر کەسێکی ئاوارە و لە کەمپەکانی دێر حەسەن لە باکووری ئیدلب نیشتەجێیە، دوای مردنی هاوژینەکەی لە زیندانەکانی حکومەتی دیمەشق، بژێوی ژیانێکی کەمی هەبوو و چەندین کاری دەکرد تا بتوانێت بژێوی ژیانی خۆی و شەش منداڵەکەی پەیدا بکای، جاهیدە لە زستانیشدا کاری کشتوکاڵ دەکات و مووچەی ڕۆژانەی ٦٠ لیرەی تورکییە، کە سەرەڕای کەمییەکەی، بەڵام ژەمێک نان بۆ منداڵەکانی دەستەبەر دەکات.

 

سوعاد بەحوشی ٤١ ساڵ، کە خۆی خەڵکی گوندی حەیشەی باشووری ئیدلبە، لە ڕێگەی کشتوکاڵەوە بژێوی خۆی و چوار منداڵەکەی پەیدا دەکات و حەزی بەو کارە هەیە، هەروەها سوودی لەو لێهاتووییەی وەرگرتووە بۆ ئەوەی ببێتە هەلێکی کار کە لە ڕێگەیەوە دەتوانێت داهاتی دارایی بەدەستبهێنێت، لەناو ئەو سەختی و تێکچوونی بارودۆخە داراییانەی کە بەدەستیەوە دەناڵێنێت.

 

سوعاد بەحوش لەگەڵ هاوژینەکەی، کە نەخۆشی شەکرەی هەیە و منداڵ و نەوەکانی لە کامپی سنووری قەح دەژین، سەبارەت بە بارودۆخی ژیانی خۆی دەڵێت، ڕووبەڕووی کەمییەکی زۆر لە کەرەستە و خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان دەبینەوە و نەبوونی پڕۆژەی گەشەپێدان کە یارمەتی ئەو کەسانە بدات کە سنوورداریان هەیە داهات، بەتایبەتی ژنان بژێوی ژیانی قورس کردووە.

 

حەنان فەهدی ٣٥ ساڵ، بەهۆی ئەوەی هاوژینەکەی لە بۆردوومانێکدا گیانی لەدەستدا و چوار منداڵی بۆ ماوەیە، هەروەها بەهۆی نەبوونی بڕوانامە و ئەزموونی کارەوە هەلی کاری جیاوازی دەست نەکەوت، دەستی بە کاری کشتوکاڵی سەربەخۆ کرد و سەرەڕای کەمی داهات، بەڵام هەست بە سەربەخۆیی و پشتبەستن بە خۆی دەکات،

 

حەنان ئاماژەی بەوەکرد، کارکردن لە بواری کشتوکاڵدا، سەرەڕای سەختییەکانی، بۆ ڕۆح ئاسوودەیی دەهێنێت و دەمارەکان هێور دەکاتەوە، لە سروشت و کشتوکاڵدا و بە یەکگرتن لەگەڵ خاکدا دەبێتە چارەسەرێک بۆ ئەو فشارە دەروونیانەی بەدەستیەوە دەناڵێنین.