خەڵاتی ژمارەیەک ژن و نووسەر و چالاکی بواری جینۆساید کرا

لە شارۆچکەی کەلار لە چوارچێوەی چالاکییەکان بۆ ٣٥ەمین ساڵیادی کۆمەڵکوژی ئەنفال، ژمارەیەک لە ژنان، نووسەر و چالاکوانی بواری جینۆساید خەڵات کران.

ناوەندی هەواڵ

 

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ لە هۆڵی ڕۆشنبیری شارۆچکەی کەلاری ناوەندی ئیدارەی گەرمیان، ڕێکخراوی ناسنامە مەراسیمێکی تایبەتی بۆ ڕێزلینان لە ژمارەیەک ژنان، نووسەران و چالاکوانانی بواری جینۆساید ساز کرد.

 

لەسەرەتای مەراسیمەکەدا، ئامادەبووان چەند چرکەیەک بۆ ڕێزلێنان لە گیانی پاکی شەهیدان بە بێدەنگی ڕاوەستان دوای پێشکەشکردنی وتار، فیلمێکی دیکۆمێنتاری لەسەر ئەنفال پیشاندرا.

 

لە بەشێکی دیکەی چالاکییەکەدا، خەڵاتی "دایک" بەخشرایە هەشت نووسەر، کە ساڵانێکە لە بواری جینۆساید و ئەنفال دەنووسن و وتار و کتێب بڵاودەکەنەوە، هەروەها سێ ژنیش ڕێزیان پێبەخشرا، کە دوای تاوانی ئەنفال، وەک خوشکی گەورە بەرپرسیارێتیان کەوتووەتە سەر و خزمەتی ماڵیان کردووە.

 

ڕێکخراوی ناسنامە لەساڵی ۲۰۱۷ دامەزراوە و ماوەی سێ ساڵە، ساڵانە خەڵاتێک بە ناوی "خەڵاتی دایک" دەبەخشێت بە خەڵکانێکی دیاری بواری ئەنفال وجینوساید.