لە جیهانەوە بۆ ناگیهان ئاکارسەل مۆم داگیرسێندرا
شەوی ڕابردوو لە چەندین شوێنی جیاوازی جیهان مۆم بۆ ناگیهان ئاکارسەل، ئەندامی ئەکادیمیای ژنۆلۆژی، داگیرسێندرا کە لە ڕۆژی ٤ی تشرینی یەکەم لە سلێمانی تیرۆر کرا.
ناوەندی هەواڵ
ناگیهان ئاکارسەل، ئەندامی ئەکادیمیای ژنۆلۆژی و سەرنوسەری گۆڤاری ژنۆلۆژی کە لە ٤ی تشرینی یەکەم لە شاری سلێمانی تیرۆر کرا، تەرمەکەی لە دەروازەی ئیبراهیم خەلیلی نێوان زاخۆ و سلۆپیەوە بردرایە قۆنیا، تەرمی ناگیهان ڕەوانەی نەخۆشخانەی شارەکە کرا بۆ خزمەتگوزاری توێکاری و پاش تەواوبوونی ڕێکارەکان لە گوندی خەلیکان لە جیهانبەیلییەی قۆنیا بەخاک دەسپێردرێت.
لە چەندین شوێنی جیهان مەڕاسیمێکی یادکردنەوە بۆ ناگیهان ئاکارسەل بەڕێوەچوو و لەلایەن ژنانەوە هێرشەکەی سەر ئەو ژنە تێکۆشەرە شەرمەزار کرا، شەوی ڕابردوو لە تویتەر هاشتاگێک بە ناوی #NagihanAkarsel کرایەوە و ژنان مۆمیان داگیرساند و بە خولەکێک ڕێزگرتن یادی ناگیان ئاکارسەلیان کردەوە و تۆمارە ڤیدیۆییەکانیان بەو هاشتاگە بڵاوکردەوە.
لەلایەن میدیاکارانەوە یادی کرایەوە
ڕێوڕەسمی یادکردنەوە لە زۆربەی ناوچەکانی جیهان و باکووری کوردستان و تورکیا، باشووری کوردستان و عێراق، فەڕەنسا و ئەڵمانیا و ژمارەیەک وڵاتانی دیکە لە هەمان کاتدا بەڕێوەچوو، ژنانی میدیاکاریش لەبەردەم وێنەکانی ناگیهان ئاکارسەل مۆمیان داگیرساند.
ژنانی هەدەپە وتیان "قەڵەمەکەی لەسەر زەوی نامێنێتەوە"
زولەیخا گولوم، پەرلەمانتاری هەدەپەی ئیستەنبوڵ، لە پەرلەمانی تورکیا وتارێکی پێشکەشکرد و وتی: ناگیهان ئاکارسەل مۆری خۆی لە چەندین لێکۆڵینەوە و توێژینەوەدا داوە، لە هێرشێکی ناڕەوادا لەبەردەم ماڵەکەیدا کوژرا، ئێمەی ژنان شوێنپێی ناگیهان ئاکارسەل هەڵدەگرین و با دەوڵەتی پیاوی فاشیست بزانێت کە قەڵەمی ناگیهان هەرگیز لەسەر زەوی نامێنێتەوە، لە تارانەوە تا ئامەد، لە ئامەدەوە تا ئیستەنبوڵ و لە ئیستەنبوڵەوە تا بەرلین، لە هەموو جیهاندا دروشمی "ژن ژیان ئازادی" بەرز کرایەوە و بەردەوام دەبێت.