ڕێکخراوێکی نێودەوڵەتی هۆشداری دەدات لە زیادبوونی کاری منداڵان لە دوای بوومەلەرزەکە

ڕێکخراوی کاری نێودەوڵەتی هۆشداری دەدات، بەهۆی زۆری هەژاری و نەبوونی هاوکاریی بەپەلە و ئامانجدار بۆ ئەو کەسانەی کە بەهۆی بوومەلەرزەکانی تورکیا و سوریا زیانیان بەرکەوتووە، کاری منداڵان زیادی کردووە.

ناوەندی هەواڵ

 

ڕاپۆرتی ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی سەبارەت بە کاریگەرییەکانی بوومەلەرزەکە لەسەر بازاڕی کار دەریخستووە کە سەدان هەزار کرێکاری ئەو دوو وڵاتە بەهۆی ئەم کارەساتەوە سەرچاوەی بژێوی ژیانیان لەدەستداوە، لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، سوریا کە کاریگەری شەڕی ١٢ ساڵەی ئابووری و بازاڕی کاری لەسەر بووە، دوای بوومەلەرزەکە نزیکەی ١٧٠ هەزار کەس هەن کارەکانیان لەدەستداوە، کاریگەری ڕاستەوخۆش لەسەر زیاتر لە ٧٢٥ هەزار کەس هەبووە، نزیکەی ٣٥ هەزار پڕۆژەی قەبارە مامناوەند و بچووک زیانیان بەرکەوتووە و ئەم بێکارییە کاتیە بووەتە هۆی لەدەستدانی داهات کە یەکسانە بە لانیکەم ٥.٧ ملیۆن دۆلار لە مانگێکدا.

 

لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، "پێنج ناوچەی زۆرترین زیانلێکەوتووی سوریا بریتین لە حەلەب، حەما، ئیدلب، لازقییە و تارتووس، کە زیاتر لە ٪٤٢ی دانیشتوانی سوریا نیشتەجێ بوون، لەنێویاندا ٧.١ ملیۆن کەس لە تەمەنی کارکردندان".

 

لە ڕاپۆرتەکەی ڕێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتیدا هاتووە، لە تورکیا نزیکەی ٦٦٠ هەزار کەس بەهۆی بوومەلەرزەکەوە ناتوانن بژێوی ژیانیان دابین بکەن، هەروەها زیاتر لە ١٥٠ هەزار شوێنی کاریش کاریان تێدا وەستاوە، پارێزگا زیانلێکەوتووەکانی تورکیا زیاتر لە چوار ملیۆن کرێکاری تێدا دەژین، کە زۆربەیان لە بواری کشتوکاڵ، بەرهەمهێنان، بازرگانی و خزمەتگوزارییەکانی دیکەی کەم داهاتدا کار دەکەن.

 

لەسەر بنەمای ئەو ڕاپۆرتە، ڕێکخراوی کاری نێودەوڵەتی هۆشداری دا لە زیادبوونی مەترسییەکان بۆ سەر سەلامەتی پیشەیی و تەندروستی و کاری منداڵان، هەروەها کرێکارانی زیانلێکەوتوو لە تورکیا ڕووبەڕووی تێکڕای زیانی داهاتیان دەبنەوە کە مانگانە زیاتر لە ٢٣٠ دۆلارە.