بەرەی پشتیوانی ڕۆژئاوا ئیدانەی شەهیدکردنی ٤ هاوڵاتیەکەی عەفرینیان کرد

لە کاتی ئاگر کردنەوەی نەورۆزدا ٤ هاوڵاتی لە جەندرێس شەهید کران و بەرەی پشتیوانی ڕۆژئاوای کوردستانیش لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ئیدانەی ئەو کارە نامرۆڤانەیان کرد.

سلێمانی

 

ئەمڕۆ لە بارەگای خۆبەڕێوەبەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا  لە  باشووری کوردستان، بەرەی پشتیوانی ڕۆژئاوای کوردستان کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی ئەنجامدا بۆ ئیدانە کردنی ئەو ٤ هاوڵاتیەی لە کاتی کردنەوەی ئاگری نەورۆزدا لە ۲۰ی ئادار لە جەندرێس شەهید کران.

 

بەیانامەیەک خوێندرایەوە لەلایەن ئیبراهیم محەمەد و ئاماژەی بەوەکرد، " ئێمە وەکو بەرەی پشتیوانی ڕۆژئاوا بە توندی ئیدانەی شەهیدکردنی ئەو ٤ هاوڵاتیە دەکەین کە لە کاتی ئاگر کردنەوەی نەورۆزدا و لە کاتی دەربڕینی خۆشیدا لە جەندرێس شەهید کران، هاوکات پشتیوانی خۆمان بۆ باکور و ڕۆژئاوای کوردستان ڕادەگەیەنین، بێگومان شەهیدکردنی ئەم چوار هاوڵاتیە لە عەفرینی داگیرکراو دەستی دەوڵەتی تورکی داگیرکەری لە پشتەوەیە، چونکە چاوی بە ئازادی کوردا هەڵنایەت، بەڵام گەلی کورد چیتر ئەمەی پێ قبوڵ نیە و داوا لە وڵاتانی زلهێز و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ دەکەین کە هەر گروپێکی چەکدار پەیوەندی بە دەوڵەتی تورکیاوە هەیە لە ناوچە کوردیەکان پێویستە دەربکرێن."

 

وتیشی: " ئەم پلانگێڕیەی دەوڵەتی تورکیا بۆ ماوەی ٥ ساڵە بەردەوامە بەتایبەتی دوای داگیرکردنی عەفرین، کە هەمیشە هەوڵی کوشتن و تیرۆرکردنی کوردان و وێرانکردنی ماڵ و حاڵیان دەدات، بە پێی نوێترین ڕاپۆرتی مافی مرۆڤ لە ئەنجامی داگیرکاریەکانی تورکیا زیاتر لە ۳۰۰ هەزار ماڵ ئاوارە بوون و ٤۰۰ هەزار ماڵی عەرەب لە شوێنیان نیشتەجێ کراون کە ٥۰۰ ماڵیان لە فەڵەستینەوە هێنراون و ۲۰ کۆمەڵگەی نیشتەجێبوونیان دروستکردووە لە چوار چێوەی پرۆژەی هەماهەنگی تورکیا و قەتەر و کوێت."

 

لە کۆتایشدا ئەوەی خستەڕوو: " تورکیا زیاتر لە٦٤ خوێندنگەی ناوچە کوردیەکانی وێران کردووە، ٥۰ هەزار خوێندکار بێ خوێندن ماونەتەوە، هەروەها لە ماوەی داگیرکاری ئەم ٥ ساڵەدا ٨٦۹٥ کەس ڕفێندراون، ۳۷۲٥۰۰ دار زەیتوون بڕاونەتەوە، ۱۳٥۰۰ داری بەردار سوتێنراون، زیاتر لە ۱۲ هەزار هێکتار زەوی جوتیارە کوردەکان داگیرکراوە، ۷٥ ناوچەی دیرۆکی و کلتوری وێرانکراون".