ڕژێمی ئێران بە مەبەست چاوی خۆپیشاندەران نابینا دەکات

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران لە ڕاپۆرتێکدا ئاماژە بە ژمارەی ئەو کەسانە دەکات، کە بەهۆی تەقەی راستەوخۆی هیزە ئەمنییەکانەوە دەموچاویان بریندار بووە و بووەتە هۆی نابینا بوونی چاویان.

ناوەندی هەواڵ

 

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران ڕاپۆرتێکی دەربارەی ئەو کەسانە بڵاوکردەوە، کە لە خۆپیشاندانەکانی ئێراندا، چاوێک یان هەردوو چاویان لەدەستداوە، لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوەکراوە، کە بریندارەکان بە بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەرکوتکارەکانی ڕژێمی ئێران لەڕێگەی دەمانچە و ساچمەوە بەرکەوتوون، ئەوەش ڕاگەیەندراوە کە هێزە سەرکوتکارەکان تەقە لە چاو و ڕووخساری ناڕازییان بە تایبەت ژنانی گەنج دەکەن، ئەمەش بابەتێکی "ئامانجکراو و سیستماتیک" بووە.

 

ڕێکخراوەی مافی مرۆڤ لە ڕاپۆرتەکەیدا ڕایگەیاندووە کە بە پشتبەستن بەو ڕاپۆرتەی لە سێ نەخۆشخانەی تاران (فەرەبی، ڕەسوڵ ئەکرەم و لابافی نژاد) و ناوەندە پزیشکییەکانی سنە دەستی کەوتووە، لە ماوەی خۆپیشاندانە سەرتاسەرییەکانی وڵاتدا، لانیکەم ٥٠٠ بریندار لە تاران و ٨٠ بریندار لە شاری سنە تۆمار کراون، کە بە فیشەک و ساچمە چاویان بریندار بووە.

 

لە ڕاپۆرتەکەدا ناو و وردەکارییەکانی ٢٢ کە س کە چاوێک یان هەردوو چاویان لەدەستداوە، بڵاوکراوەتەوە:

 

ڕەحیلە ئەمیری (٣٠ ساڵ، نابینا لە چاوێکدا)، ئیلاهە تاوەکلیان (نابینا لە چاوێکدا)، نیلۆفەر ئاغای (نابینا لە چاوێکدا)، کیمیا زەند (بەشێکی کەمی بینین لە چاوێکدا)، غەزال ڕەنجکێش (٢١ ساڵ، نابینا لە چاوێکددا)، فەریدە سەلوەتی پور (نابینابوون لە هەردوو چاو)، ماهبانو خۆشنودیکیا (تیرهاوێژی هەڵبژاردەی نیشتمانییە و چاوێکی نابینا بووە).

 

بەنیتا کیانی‌فلاوەرجانی (منداڵێکی ٦ ساڵان، نابینابوون لە چاوێکدا)، یاسر ئەلوەندیانی ( ٣٤ ساڵ، نابینابوون لە چاوێکدا)، عەلی محەمەدی ٢٢ ساڵ، نابینا لە چاوێکدا)، کەوسەر ئیفتخاری (نابینا لە چاوێکدا)، حسێن عابدینی (٢٠ ساڵ، نابینا لە چاوێکدا)، بەهزاد هەمەراهی (٤٣ ساڵان، نابینا لە چاوێکدا)، حسێن حسێن پوور (٢٥ ساڵ، نابینا لە چاوێکدا)، پەرویز یاری ( نابینا لە چاوێکدا)، حوسێن نوری (٣٥ ساڵ، نابینا لە چاوێکدا)، سادق سۆفی (٢٧ ساڵ، نابینا لە چاوێک)، حسێن باقرپوور (٢٤ ساڵ، نابینا لە چاوێک).

 

نێچیرڤان مەعروفی (١٨ ساڵ، نابینا لە چاوێکدا)، فەیروز میرانی (نابینابوون لە چاوێک و تێکچوونی چاوەکەی تر)، پارسا قوبادی (١٨ ساڵ، نابینا لە هەردوو چاو) و عەلی محەمەد ڕەزایی (نابینابوون لە یەک چاودا).