لە شاری سنە کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکان دەستیپێکردەوە

خەڵک لە شاری سنە گردبوونەوە و دروشمی دژە حکومەت هاوار دەکەن.

سنە

 

خەڵک لە شارۆچکەی نانلێی سەر بە شاری سنە بە ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر دەستگیرکردنی دوو مامۆستای ئایینی گردبوونەوە و داوای ئازادکردنیان کرد.

 

خەڵکی ناڕازیی سنە بە تایبەت گەنجانی ناڕازی، دوای نوێژی هەینی لە بەردەم مزگەوتی گەورەی شارۆچکەی نەنلێ کۆبوونەوە و دروشمی دژە حکومەتیان وتەوە و خوازیاری ئازادکردنی ئەو دوو مامۆستا ئاینییە بوون.

 

مامۆستا لوقمان ئەمینی و مامۆستا ئیبراهیم کەریمی نانلێی، دوو مامۆستای ئایینی شاری سنەن کە لە کاتی ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکان هاودەنگی خۆیان لەگەڵ خەڵک ڕاگەیاند و سەرکوتی ناڕازییان لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە شەرمەزار کرد.

 

ئەم دوو مامۆستا ئاینییە لە کاتی گەڕانەوەیان لە مەراسیمی پرسەی مامۆستا یوسف محەمەدی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکران.

 

مامۆستا یوسف محەمەدی خەڵکی گۆشتخانی و ئیمامی گوندی کەلەتە بوو، کە بە شێوەیەکی دڕندانە لەلایەن پیاوانی سەر بە ڕژێمەوە ئاگر لە ماڵەکەی بەردرا و گیانی لەدەستدا.