نامەیەک لە تاژێوە: یاسا پەسەندکراوەکانی عێراق زەمینە بۆ زیندووبوونەوەی داعش خۆش دەکات
تاژێ سەبارەت بە یاسای باری کەسێتی و یاسای لێبوردنی گشتی، نامەیەکی ئاراستەی سەرۆک کۆماری عێراق و ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس، سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان و نوێنەری یونیسێف لە عێراق و نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق و ئەو وڵاتانە کرد.

شەنگال
٢٠ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥، پەرلەمانی عێراق یاسای باری کەسێتی پەسەند کرد کە ڕێگە بە هاوسەرگیری کچانی ٩ ساڵان دەدات و مافەکانی ژنان بێبەش دەکات، هەروەها یاسای لێبوردنی گشتی کە ڕێگە بە ئازادکردنی چەتەکانی داعش دەدات، سەرەڕای هەموو کۆت و بەندەکان پەسەند کرا.
لەو بارەیەوە بزووتنەوەی ئازادی ژنانی ئێزدی-تاژێ نامەیەکی بۆ ڕێگریکردن لە مەترسییەکانی ئەو دوو یاسایە و دروستکردنی هۆشیاری نێودەوڵەتی ئامادە کرد و ئاڕاستەی عەبدول لەتیف ڕەشید، سەرۆک کۆماری عێراق و ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس، سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان و نوێنەری یونیسێف لە عێراق و نوێنەرایەتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق (یونامی) و ١٤ وڵاتی ناردووە کە بە فەرمی دانیان بە فەرمانەکەدا ناوە.
سەرەڕای هەموو کاردانەوەکان، یاساکان پەسەند کران
لە نامەکەدا، تاژێ سەرنجی بۆ ئەو وادەیەی کە هەردوو یاساکە خراونەتە کارنامەی پەرلەمانی عێراقەوە ڕاکێشاوە و ئاماژەی بەوەدا، "لە ٥ی ئابی ٢٠٢٤ و لەگەڵ دەیەمین ساڵیادی فەرمانی ٣ی ئابی ٢٠١٤ پەرلەمان هەردوو یاساکەی خستە بەرنامەی کارەوە، بەتایبەت ژنانی ئێزدی و سەرجەم ژنانی عێراق و کۆمەڵگە بە گشتی ناڕەزایی توندی نیشاندا، بەڵام سەرەڕای ئەمەش، پەرلەمانی عێراق گوێی لە دەنگی ژنان و کۆمەڵگە نەگرت و لە ٢٠ی کانوونی دووەمی ئەمساڵدا یاساکەی پەسەند کرد.
دەیان گۆڕی بەکۆمەڵ هەن کە هێشتا هەڵنەدراونەتەوە
لە نامەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە لە فەرمانی ٣ی ئابی ٢٠١٤دا ژنانی ئێزدی بە تایبەتی کراونەتە ئامانجی دڕندەیی چەتەکانی داعش. ئەوەش بیرهێنرایەوە، کە تا ئێستا چارەنووسی هەزاران ژنی ئێزدی نادیارە، ١٠ ساڵ بەسەر ئەو فەرمانە تێپەڕیوە، تا ئێستاش ئەنجامدەرانی ئەو فەرمانە نەدۆزراوەتەوە، دەیان گۆڕی بەکۆمەڵ هەن کە هێشتا هەڵنەدراونەتەوە و هیچ هەوڵێک نادرێت بۆ دۆزینەوەی هەزاران ژن و منداڵ و پیاوی ئێزدی.
عێراق بە یاسا زەمینە بۆ زیندووکردنەوەی داعش خۆش دەکات
لە درێژەی نامەکەدا، تاژێ باسی لەوە کرد کە سەدان شانەی نهێنی داعش لە عێراق هەیە و سەدان ئەندامی داعشیش لە زیندانەکانی عێراقدان و دەشڵێت: "یاسای لێبوردنی گشتی ڕێگە خۆش دەکات بۆ ئازادکردنی ئەو ئەندامانەی داعش کە ئێستا لە زیندانەکانی عێراقدان، ئەگەر ئەو ئەندامانەی داعش لە زیندان ئازاد بکرێن ژمارەیان دەگاتە هەزاران کەس. لەو کاتەدا داعش لە پێشوو بەهێزتر و زیندووتر دەبێت. ئەمەش نەک تەنها بۆ عێراق، بەڵکو بۆ وڵاتانی دراوسێ و تەنانەت ئەوروپاش مەترسی دروست دەکات. داعش جارێکی تر دەبێتە بەڵایەک لەسەر شانۆی جیهانی. حکومەتی عێراق بەشێوەیەکی یاسایی ڕێگە خۆش دەکات بۆ زیندووکردنەوە و گەشەکردنی داعش. لە ڕێگەی ئەم نامەیەوە ئێمە وەک ژنانی ئێزدی دەمانەوێت مەترسییەکانی ئێستا ببینرێت. ئەم یاسایە مەترسییەکی گەورە لەسەر هەموو پێکهاتەکان و نەتەوەکانی نیشتەجێی عێراق دروست دەکات، یاسای لێبوردنی گشتی کە چەتەکانی داعش سوودی لێ وەردەگرن و دواجار دەبێتە هۆی ئازادکردنیان، ڕێگە خۆش دەکات بۆ کۆمەڵکوژی و فەرمانی نوێ.
یاسا ڕێگا خۆش دەکات بۆ هاوسەرگیری کچانی تەمەن ٩ ساڵ
هەروەها تەڤگەری ئازادی ژنانی ئێزدی سەرنجی بۆ ئەو مەترسییە ڕاکێشا کە ڕووبەڕووی ئەو کچانە دەبێتەوە کە دەتوانن لە تەمەنێکی بچووکدا هاوسەرگیری بکەن و ئاماژەی بەوەدا، ئەمە پێشێلکردنی مافی ژیانە. لە لایەکی دیکەوە یاسای باری کەسێتی کە ڕێگا بۆ هاوسەرگیری کچانی تەمەن ٩ ساڵ و کوڕانی ١٥ ساڵان خۆش دەکات، بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان و مافەکانی مرۆڤ و نەتەوە یەکگرتووەکان نییە، ئەم یاسایە بە واتای پێشێلکردنی مافی ژن و منداڵ و کۆمەڵگە دێت، واتە پێشێلکردنی ژیانە، بۆ ڕێگریکردن لەو مەترسییانە، داواتان لێدەکەین ئەرک و بەرپرسیارێتی خۆتان جێبەجێ بکەن و فشار بخەنە سەر حکومەتی عێراق بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەو یاسایانە.