گیان لەدەستدان لە بەلەمە ژێرئاو کەوتووەکەی ئیتاڵیا بووە ٦٣ کەس

ژمارەی گیان لەدەستدان لە بەلەمە ژێرئاوکەوتووەکەی كەنارەكانی ئیتاڵیا بەرزبووەوە بۆ ٦٣ كەس، كە ژمارەیەكیان ژن و منداڵن.

ناوەندی هەواڵ

 

ئاژانسی "ئانسا"ی ئیتاڵی بڵاویكردووەتەوە، ژمارەی ئەو كەسانەی بەهۆی ژێرئاو کەوتنی بەلەمەکەی كەنارەكانی باشوری ئیتاڵیا گیانیان لەدەستداوە، بۆ ٦٣ کەس بەرز بووەتەوە.

 

ئاماژە بەوەشکراوە، كۆتا قوربانی كە تەرمەكەی دۆزراوەتەوە منداڵێکی کچی تەمەن ١٤ ساڵان بووە، هەروەها بەشێك لە قوربانییەكان ژن و منداڵن، ئەوانەشی كە تاوەكو ئێستا بێسەروشوێنن بە ئەگەرێكی زۆر گیانیان لەدەستداوە.


بەپێی زانیارییەكان، قوربانییەكان كۆچبەری نایاسایین و خەڵكی وڵاتەكانی ئێران و پاكستان و ئەفغانستانى و لانیكەم ١٢یان منداڵن، هۆكاری ژێرئاو کەوتنی بەلەمەكەش كە لە تەختە دروستكراوە، ئەوەبووە كە ژمارەیەکی زۆر کۆچبەری هەڵگرتووە و خۆی كێشاوە بە بەرددا لە كەنارەكانی شاری "كالابریا" و بووە بە دوو بەشەوە.

 

دوای ئەو ڕووداوە دوێنێ جۆرجیا میلۆنی، سەرۆک وەزیرانى ئیتاڵیا هاوخەمیی بۆ خنکانى کۆچبەرەکان لە کەناراوەکانى وڵاتەکەى دەربڕى و بەڵێنیدا کۆچى نایاسایی کۆچبەران بۆ ئیتاڵیا ڕابگرێت.