لە هەرێمی کوردستان ڕێژەی هەژاری دەگاتە نزیکەی ٪٥.٥
ئەندامێکی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان ئاستی هەژاری دەخاتەڕوو کە ٣٣٠ هەزار کەس لەژێر هێڵی هەژارییەوەن و ناتوانن پێداویستییەکانی ژیانیان دابین بکەن.
ناوەندی هەواڵ
عومەر گوڵپی، سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵ لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لای خۆیەوە بڵاوی کردەوە، بە پێی کۆتا ئاماری فەرمی، ڕێژەی هەژاری لە هەرێمی کوردستان دەگاتە نزیکەی ٪٥.٥، ئەو کەسانەی لەژێر هێڵی هەژارییەوەن ناتوانن پێداویستییەکانی ڕۆژانە وەک خواردن، پۆشاک، شوێنى مانەوە، خزمەتگوزارى تەندروستی، پەروەردە و ژیانێکى شاسیتە بۆ خۆیان و منداڵەکانیان دابین بکەن.
ئەو پەرلەمانتارە ئەوەشی خستووەتەڕوو، لە هەرێمی کوردستان نزیکەی ١٠٠ خێزان کە هیچ سەرچاوەیەکی داهاتیان نەبووە، لە چوارچێوەی پڕۆژەی (چاودێری خێزان) لە وەزارەتى کار و کاروبارى کۆمەڵایەتى مانگانە بڕی ١٥٠ هەزار دیناریان وەردەگرت، بەڵام بە بیانووى چاکسازیی لە ناوەکانیاندا لە مانگی ١٢ی ساڵی ٢٠١٥و بە بڕیاری حکومەت مووچەی ئەو کەسانە ڕاگیرا.
جێی ئاماژەیە ڕێژەی ٪٥.٥ی هەژاری بۆ دانیشتوانی هەرێمی کوردستان کە شەش ملیۆن کەسە، دەکاتە نزیکەی ٣٣٠ هەزار کەس، کە لە خوار هێڵی هەژارییەوەن.