کۆنگرەی دیالۆگی لوبنانی-کوردی لە بەیروت دەستیپێکرد
کۆنگرەی دیالۆگی لوبنانی-کوردی بۆ گفتوگۆ کردن لەسەر پێکهاتە جیاوازەکان و پەیوەندی نێوان کورد و عەرەب لە لوبنان، هاوکات خستنەڕووی پێکەوە ژیانی دیموکراتیانە وەک چارەسەری، لە بەیروت بەڕێوە دەچێت.
بەیروت
ئەمڕۆ، ٢٩ی ئایار لە بەیروتی پایتەختی لوبنان، کۆنفرانسی دیالۆگی لوبنانی-کوردی بە دروشمی "بەرەو ژیانی هاوبەش و هاونیشتیمانی یەکسان" بە مەبەستی پتەوکردنی پەیوەندی نێوان پێکهاتەکان و گفتوگۆ لەبارەی پێکەوەژیان و دیموکراسی، بە بەشداری کۆمەڵێک سیاسەتمەدار و نووسەر و ئەکادیمیی کورد، عەرەب، سوریانی و ئەرمەن دەستیپێکرد.
کۆنفرانسەکە لەلایەن سەنتەری لوبنانی بۆ توێژینەوە و ڕاوێژ، کۆمەڵەی نەورۆزی کلتووری–کۆمەڵایەتی، یەکسانی وەردە بوتروس بۆ کاری ژنان و کۆمەڵەی ژنی فێمینیست ڕێکخراوە.
سەرەتای کۆنفرانسەکە بە خولەکێک وەستان بۆ گیانی پاکڕەوان دەستیپێکرد، دواتر سرودی نەتەوەیی لوبنان و کوردستان پێشکەشکرا، پاشان بە وتاری دەستپێک لەلایەن ئەندامی کۆمیتەی ئامادەکاری کۆنفرانس، حەسان قوتب خوێندرایەوە، تێیدا ئاماژەیان بە گرنگی کۆنفرانسێکی لەو شێوەیە کرد کە بتوانێت پێکهاتە جیاوازەکان لەگەڵ یەکتر کۆبکاتەوە و گرنگی کاراکردنی لۆژیک و شێوازی دیالۆگی نێوان گەل و پێکهاتەکانی ناوچەکە خرایەڕوو، لە کاتێکدا دۆخی لوبنان بە تایبەتی و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە گشتی بە قەیران و دۆخی هەستیاردا تێپەڕ دەبێت.
حەسان قوتب جەختیکردەوە لەسەر گۆڕانکارییە ڕیشەییەکان بۆ چارەسەرکردنی کێشە هاوبەشەکان و چەسپاندنی پێکەوەژیان و هاونیشتمانیی یەکسان بە پێی بنەمای "یەکبوون جیاوازییە".
ئەمڕۆ کۆنفرانسی دیالۆگی لوبنانی-کورد، لە بەیروتی پایتەختی لوبنان بە دوو پانێڵ لەبارەی مێژووی پەیوەندی کورد و عەرەب، سیاسەتی سەرمایەداری و ئەقڵیەتی دەوڵەت نەتەوە، فەرهەنگی پێکەوەژیان و برایەتی گەلان، ڕۆڵی سەرەکی ژنان لە دیموکراسیکردنی کۆمەڵگادا بەردەوامی دەبێت.