٣ ملیۆن و ١٧ هەزار واژۆ بۆ عەبدوڵا ئۆجالان کۆکرایەوە

لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا زیاتر لە ٣ ملیۆن واژۆ لە چوارچێوەی هەڵمەتی داوای ئازادی جەستەیی عەبدوڵا ئۆجالان ڕێبەری گەلی کورد کۆکرایەوە، هەڵمەتەکە تا ٤ی نیسان بەردەوام دەبێت و واژۆکان بۆ ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان دەنێردرێت.

ناوەندی هەواڵ

 

عەبدوڵا ئۆجالان، ڕێبەری گەلی کورد ٢٥ ساڵە لە زیندانی ئیمرالی لە بارودۆخی دابڕانێکی سەختدایە، لەگەڵ داوای ئازادی جەستەیی عەبدوڵا ئۆجالان، لە ٩ی شوباتەوە هەڵمەتێکی واژۆکردن لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا دەستیپێکرد و تا ئێستا بەردەوامە.

 

"تا ئێستا ٣ ملیۆن و ١٧ هەزار واژۆ کۆکراوەتەوە"

هەڵمەتی واژۆکردن لە چوارچێوەی کەمپەینی نێودەوڵەتی "ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان، چارەسەری سیاسی بۆ دۆزی کورد" دەستیپێکرد و تا ئێستا ٣ ملیۆن و ١٧ هەزار واژۆ کۆکراوەتەوە، بڕیارە هەڵمەتەکە تا ٤ی نیسان بەردەوام بێت.

 

"لە ٤ی نیسان بە لێدوانێک کۆتایی بە هەڵمەتەکە دێت"

نوها عومەر، ئەندامی دەستپێشخەری سووریا بۆ ئازادی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان، سەبارەت بە هەڵمەتەکە قسەی بۆ ئاژانسی هەواڵی هاوار-ئانها کرد و ڕایگەیاند کە هەڵمەتەکە بە جۆش و خرۆشێکی زۆرەوە لەلایەن دانیشتووانەوە پێشوازی لێدەکرێت و وتی: کەمپینەکە لە ٤ی نیساندا بە بەیاننامەیەک کۆتایی دێت.

 

نوها عومەر باسی لەوەشکرد، ئامانجیان ٣ ملیۆن واژۆ بووە و دەشڵێت: تا ئێستا ٣ ملیۆن و ١٧ هەزار واژۆ لە ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، حەلەب، حەما، حومس و دیمەشق کۆکراونەتەوە.

 

نامەیەک بۆ ١٢ ڕێکخراوی نێودەوڵەتی نێردراوە

نوها عومەر تیشکی خستە سەر ناردنی نامە بۆ ڕێکخراوە یاسایی و تەندروستییەکان و ڕایگەیاند کە ئەوان بە ناوی دامەزراوە و ڕێکخراو و لایەنە سیاسییەکانی ناوچەکەوە نامەیان کۆکردووەتەوە بۆ بەدواداچوون بۆ دۆخی عەبدوڵا ئۆجالان و بۆ ١٢ ڕێکخراوی نێودەوڵەتی وەک ئەنجومەنی مافی مرۆڤ، لیژنەی ئەوروپی بۆ ڕێگریکردن لە ئەشکەنجە-CPT، لیژنەی ئەوروپی بۆ ڕێگریکردن لە ئەشکەنجە و مامەڵەی نامرۆڤانە، لێبوردنی نێودەوڵەتی، پەرلەمانی ئەوروپا، نووسینگەی داواکاری گشتی دادگای تاوانە نێودەوڵەتییەکان، ئەنجومەنی مافی مرۆڤ و مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان، دادگای نێودەوڵەتی، پزیشکانی بێ سنوور، ڕێکخراوی تەندروستی نەتەوە یەکگرتووەکان- WHO و کۆمیساریای باڵای مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان نێردراوە.