"پێویستە ژنان بەهرەکانیان بکەنە سەرچاوە بۆ ژیانیان و نەیشارنەوە"

بەشێک لە ژنان کە خوێندنیان تەواو کردووە و دانەمەزراون، دەیانەوێت کار بکەن و بژێوی خۆیان دابین بکەن، بۆ ئەوەش کارگەی کەما بووەتە هاوکاری ژنانی گەنج.

دیڤان سیهاد

 

ڕاپەڕین- کارگەی جلوبەرگی کەما لە شارۆچکەی قەڵادزێ لە هەرێمی ڕاپەڕین بووەتە ناوەندێک کە ژنان بتوانن بژێوی خۆیانی تیادا دەستەبەر بکەن، کارگەکە لەلایەن ژیان عەلی، سەرپەرشتیاری کارگەکە و کوڕەکەیەوە دامەزراوە و ماوەی چوار ساڵە بەردەوامە، ژیان عەلی ماوەی ٢٥ ساڵە بەرگدرووە و ئاماژەی بەوەدا، کە ئامانجیان ئەوەیە ژنانی قەڵادزێ بتوانن لە ڕێگەی کار کردن لە کارگەکەدا بە خەونەکانیان بگەن.

 

هێڤی خدر، دەرچووی بەشی کارگێری کارە و ماوەی چوار ساڵە خوێندنی تەواو کردووە و دانەمەزراوە، بەڵام بە بێکاری دانەنیشتووە و پیشەیەکی جیاوازی هەڵبژاردووە، کە لە کارگەی کەما دروومانی دەکات، وتی: لە کارگەی کەما دەرفەتی کارکردن بۆ چەندین ژن هەڵکەوتووە کە بتوانن لەسەر پێی خۆیان بووەستن و داهاتێکی ئابوری باش بۆ خۆیان فەراهەم بکەن، لە شارەکەماندا ژنان توانیویانە کاری تایبەت بە خۆیان هەبێت، هەم لە ڕووی خواردنگەکانەوە ئێستا ژنان خواردنگەی تایبەت بە خۆیان هەیە و لە بەشی دروومانیش ژنان دەتوانن دەورەی تایبەت بە خۆیان بکەنەوە، کە سود بە دەوروبەر بگەیەنن.

 

هێڤی باسی لەوەکرد، پێویستە گەنجان لەسەر پێی خۆیان بوەستن، بۆ ئەوەی بتوانن داهاتێک بۆ خۆیان دابین بکەن و ئەزموونی زیاتر فێر بن، هەوڵدانیش دەتکات بە کەسێکی پێگەیشتو لە هەر بوارێکدا بێت، وتیشی: زۆرێک لە ژنان بەهرە و توانای خۆیان هەیە، بەڵام بە هۆی ئەوەی کە دەرفەتی کاریان کەمە نەیانتوانیوە بێنە ناو بواری ئیش کردنەوە، زۆرێک لە ژنان بەهۆی ئەوەی کە ڕێگە پێنەدراون لەلایەن خێزانەکانیانەوە، بووەتە هۆی ئەوەی کە بەهرە و تواناکانیان کەمتر بێتەوە و خەڵک کەمتر بیانناسن، بۆیە پێویستە ژنان پشت بە خۆیان ببەستن وە بەهرە و تواناکانی خۆیان لە بەشێکدا بدۆزنەوە و بیکەنە سەرچاوەیەکی باش بۆ ژیانی خۆیان.

 

خونچە ڕەسوڵ ماوەی سێ ساڵە پەیمانگای تەکنیکی سلێمانی بەشی وەرگێڕانی تەواو کردووە، نزیکەی ساڵ و نیوێکە لە کارگەی کەما کار دەکات، وتی: کارگەکە ماوەی چوار ساڵە لە شاری قەڵادزێ کراوەتەوە و هەلی کار بۆ نزیکی ١٥ ژن و ژنانی گەنج کە دەرچووی دانەمەزراون ڕەخساوە، من دوای ئەوەی کە خوێندنم تەواو کرد ویستم لەسەر پێیەکانی خۆم بوەستم و دەست بە کار کردن بکەم لەو بەهرە و توانایەی کە خۆم هەمە، ئەوە بوو بەهرەی خۆم دۆزیەوە و دەرفەتی کارم بۆ ڕەخسا کە نزیکەی ساڵ و نیوێکە لێرە کار دەکەم.