ژنانی مهاباد: نەورۆز قەڵای خەباتی ئێمەیە

ژنانی شاری مهاباد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران ئەمساڵ ئاهەنگی نەورۆزیان گێڕا، پەیامیان  ئەوە بوو کە تا دەسەڵاتی ڕژێمی ئێران لەناو نەچێت، لە تێکۆشان ناوەستن.

لارا گەوهەری

 

مهاباد- ڕاپەڕینی "ژن، ژیان، ئازادی" لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران لە مانگی ٧ەمیدا بە ئیرادەوە بۆ لەناوبردنی ڕژێمی دیکتاتۆر بەردەوامە. لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران، ئەو ژنانەی لە نەورۆزی ٢٠٢٣ ئاڵای سەرهەڵدانیان هەڵکرد، بە پەیامەکانیان دەریانبڕی سەرەڕای هەموو هێرش و گوشارەکانی ئێران، بە دەنگی بەرز داواکارییەکانیان بە دروشمی ئازادی بەرز دەکەنەوە و لە خەباتی خۆیان بەردەوام دەبن.

 

"هەستم کرد کە کوردستان لە دەست ڕژێمی مەلا ڕزگاری بووە"

سارینا قادری، ڕۆژنامەنووس کە بۆ وێنەگرتن بەشداری زۆربەی مەراسیمەکان بووە، باسی لە ئاهەنگی نەورۆز کرد و وتی: کاتێک چوومە مەراسیمی نەورۆز، بینیم ژنان بە جلوبەرگی جوانی کوردی و قژە کراوەکەیانەوە ئاهەنگیان دەگێڕا، هەستم بەوە کرد کە کوردستان لە ڕژێمی مەلا ڕزگاری بووە و شۆڕشێک ڕوویداوە، زۆر خۆشحاڵ بووم کە ڕاپەڕینی ژنان کاریگەری ئەرێنی لەسەر بزووتنەوەی ژنان هەبوو و دەستکەوتی زۆری بەدەستهێنا.

 

"هەموو کردارێک گرنگ و کاریگەرە"

مریەم ئەحمەدزادە، مامۆستا و دایکی دوو کچ، وتی: نەورۆز لە هەموو ژنانی ئازادیخوازی جیهان و کوردستان پیرۆز بێت، ئەمساڵ ساڵێکی خوێناوی و سەرکەوتوو بوو بۆ ژنان، بۆیە تا نەگەینە بەهاری ئازادی، تێکۆشانی خۆمان ناوەستێنین، منیش لەگەڵ دوو کچەکەم هەوڵی زۆرم لە دژی حکومەت داوە بۆ گەیشتن بە ئەنجامە سیاسی و کۆمەڵایەتییە خوازراوەکان، یەکێک لە کچەکانم منداڵان فێری زمانی کوردی دەکات و کچەکەی تریشم مامۆستایە، جگە لە زمانی فارسی لە قوتابخانەش وانەی کوردی بە قوتابیەکانی دەڵێتەوە، لە نەورۆزدا کە دەچووینە ئاهەنگەکان، چیرۆکی کوردیمان بۆ منداڵان دەگێڕایەوە، هەر کارێکی بچووک لە شوێنی خۆیدا گرنگ و کاریگەرە بەرامبەر بە حکومەت.